‌هۆشیار زێباری هۆشداری دەدات

:: PM:04:15:22/06/2018 ‌
كه‌مێك پێش ئێسته‌، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌ڕه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك، ڕای دەگەیەنێت، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی عێراق واتە كودەتا بۆ سەر سیستەمی سیاسی دیموكراسی و ئیتیحادی.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى حوزه‌یران، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌ڕه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك، ڕای گەیاند: "هێشته‌ به‌شى هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 2018ی عیراق تەواو نەبووە، داوای كۆبوونەوەیەكی به‌په‌له‌ی تری پەرلەمانی عێراق كراوە كە بەپێی دەستوور تەنیا هەشت ڕۆژ لە ویلایەتەكەیدا.

بەگوتەی زێباری، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان و هاوپەیمانییە دۆڕاوەكان پێشنیازی بیدعەیەكی نوێ دەكەن، ده‌یانه‌وێت هه‌نگاو بنێن بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان تاكو كۆتایی ئەمساڵ، ئامانجیش لەم كارە ئەوەیە كە حكومەتی عێراق نەبێت بە حكومەتی كاربەڕێكەر، بەڵكو دەسەڵاتەكانی درێژ بكرێتەوە.

دووپاتیشی دەکاتەوە کە‌ ئەگەر ئەم كارە بكرێت پێشێلكارییەكی دەستووریی مەترسیدارە و كودەتایەكە بەسەر سیستەمی سیاسی دیموكراسی و ئیتیحادیدا دەكرێت".

قسه‌كانى زێبارى له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هەینی 22ى حوزه‌یران،  سەعات چوارى دوای نیوەڕۆ كۆبوونەوەیه‌كى به‌په‌له‌ى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوە دەچێت.


وشە - محەمەد میران