هۆكاری زیادبوونی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ كوردستان ئاشكرا كرا

:: PM:09:45:09/07/2018 ‌
تەنیا لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە 12مانگی ساڵی رابردوو، هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە وڵاتی ئێرانەوە و لە رێی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە.

شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە "وشە"ی راگەیاند، هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە وڵاتی ئێرانەوە و لە رێی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە بۆ هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بە جۆرێك ساڵی رابردوو 30 هەزار و 161 ئۆتۆمبێل هاوردە كراوە.

زیاتر گوتی، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 37 هەزار و دوو ئۆتۆمبێل لە ئێرانەوە هێنراونەتە مەرزی باشماخ، بەوەیش دەردەكەوێت رێژەكە زۆر زیاترە و هاوردەكردنیش بەردەوامە.

بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژەی بەوە كرد كە زۆری هاتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە پێوەندی بەو ڕێژە گومرگییەوە هەیە كە لە مەرزەكان دانراوە و هۆكاری تریش ئەوەیە كە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان لایەنی تەناهیی تیایدا سەقامیگرە.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لەمەرزە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان و شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجام دەدرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم