لێدوانێكی پۆمپیۆ نرخی نەوتی دابەزاند

:: AM:09:24:11/07/2018 ‌

دوای دوو رۆژ لە هەڵكشانی نرخی نەوت، ئەمڕۆ چوارشەم نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دابەزی. لە دوو رۆژی یەكەمی ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت لە سەرووی 77 دۆلارەوە بەرز بووەوە بۆ 79 دۆلار، بەڵام لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەمڕۆی بازاڕەكە نرخەكەی بۆ 78 دۆلار و 29 سەنت دابەزیوە.

بەگوێرەی DAILYFX ئەمڕۆ نرخی نەوت تا 77 دۆلار و 66 سەنتیش دابەزینی تۆمار كردووە، بەڵام دواتر دۆخەكەی ئاسایی بووەوە. هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI لە 74 دۆلار و 30 سەنتەوە دابەزی بۆ 73 دۆلار و 66 سەنت.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ لێدوانێكی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە گوتی وڵاتەكەی پێداچوونەوە بە داواكاری هەندێك لەو كۆمپانیایانە دەكات كە كڕیاری نەوتی ئێرانن و دەیانەوێت ئەمەریكا رێیان پێ بدات نەوت لە ئێران بكڕن.

ئەمەریكا پێشتر رای گەیاندبوو لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە هیچ كۆمپانیایەك بۆی نییە نەوت لە ئێران بكڕێت. ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا مەترسی ئەوەی هەبوو نرخی نەوت زۆر بەرز ببێتەوە و تەنانەت 100 دۆلاریش تێپەڕێنێت. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە زیانی ئەمەریكایە، بۆیە پێ دەچێت لەو بڕیارەی پاشگەز بووبێتەوە بەو ئامانجەی رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكات.

ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و ئەگەر رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكرێت، ئەوا ئاستی خستنەڕووی نەوت لە دنیادا بەرانبەر بە داخوازی دادەبەزێت و ئەمەش نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.





وشە - سلێمان تاشان