هاتنی كۆمپانیاكان بۆ كوردستان دوای كشانەوە لە ئێران بە دۆخی سیاسی و ئابووریی كورستان گرێ دراوە

گریمانە دەكرێت كۆمپانیاكانی بواری وزە دوای كشانەوە لە ئێران، باشترین شوێنی كاركردن و وەبەرهێنانیان هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام پسپۆڕانی ئابووری و وزە رای دەگەیەنن كە هاتنی ئەم كۆمپانیایانە گرێ دراوە بە دۆخی ناوچەكە لە لایەك و ویستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەكی تر. 
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەكە لەگەڵ رووسیا كەوتووەتە بەستنی گرێبەستی زەبەلاحی وزە، پێ دەچێت لە داهاتووشدا زیاتر پێشوازی لە كۆمپانیا رووسییەكان بكات تا رۆژئاوایییەكان، جگە لەمە بەشێك ئەو كۆمپانیایانە كوردستانیان تاقی كردووەتەوە.
كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دوای ئەوەی رێككەوتنی ناوكیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك واژوو كرا، روویان لە ئێران كرد و تەنانەت گرێبەستی گەورەیان لەگەڵ ئەو كۆمارە ئیسلامییە لە بواری وزە و بەرهەمهێنان واژوو كرد. بەڵام دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەیلە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە و هەڕەشەی سەپاندنی قورسترین سزاكانی مێژووی لە دژی ئێران كرد و تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، مۆڵەتی بە كۆمپانیاكان دا بە یەكجاری لە ئێران بكشێنەوە. بەشێك لە كۆمپانیاكان هەر دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی، بڕیاریان دا لە ئێران بكشێنەوە سەرەڕای ئەوەی كە لە كەرتی نەوت و گازی ئەو وڵاتەدا دەستیان بە وەبەرهێنان كردبوو. 
پاتریك پۆیانە سەرۆكی كۆمپانیای "تۆتاڵ" بە ئاشكرا گوتی، 90%ی دابینكردنی دارایی و پرۆسە دارایییەكانیان بە ئەمەریكاوە گرێ دراوە و جگە لەمە وەبەرهێنەرانی ئەمەریكی 30%ی پشكەكانی تۆتاڵیان بەدەستەوەیە، بۆیە تۆتاڵ بە بێ ویستی ئەمەریكا ناتوانێت لە ئێران درێژە بە چالاكییەكانی بدات. 
تۆتاڵ بە قەبارەی نزیكەی 10 ملیار دۆلار لە ئەمەریكا وەبەرهێنانی كردووە، بەڵام لە ئێران بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی پارسی باشوور 46 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە.
دوای تۆتاڵ هەریەك لە "ساراسی ئیتاڵیا، رەپسول و سیپسای ئیسپانیا، هێلنیك پێترۆلیۆمی یۆنان" دەستیان بە كشانەوە لە گرێبەستەكانیان لەگەڵ ئێراندا كرد. جگە لەمانە، هەریەك لە كۆمپانیاكانی لوك ئۆیلی رووسیا و كۆمپانیای دۆركۆرپۆرێشنی ئەمەریكیش كارەكانیان راگرتووە. كۆمپانیای پۆڵۆنی PGNiG و كۆمپانیای ساگای نەرویجیش چالاكییەكانی خۆی لە ئێران راگرتووە.
ئێستە قسە لەسەر ئەوە دەكرێت لەبارترین شوێن بۆ چالاكی كۆمپانیاكانی بواری وزە دوای كشانەوە لە ئێران دەكرێت هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام شارەزایانی ئابووری دەڵێن "ئەمە پێویستی بە وەرگرتنی رێوشوێنی گونجاو هەیە".
دكتۆر هیمداد فەیسەڵ پسپۆڕی یاسای بازرگانی، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە تۆتاڵ پێشتر هاتووەتە كوردستان و ئێستەش ئەگەر دوای كشانەوە لە ئێران روو لە هەرێمی كوردستان بكات، ئەوا بەشێكی گرێ دراوە بەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا چەند ئامادەیی تێدایە كێڵگە و بیر و پڕۆژەی نوێ بخاتە بەردەم كۆمپانیاكانی نەوت.
ئەو پێی وایە، دوای ریفراندۆم و ئەو گۆڕانكارییە سیاسییە نوێیانە، حكوومەتی هەرێمی كورستان زیاتر مەیلی ئەوە بووە لەگەڵ رووسیا پێوەندی هەبێت. پێشتر شێڤرۆن و ئێكسۆن مۆبیل و تۆتاڵ هاتوونەتە كوردستان، بەڵام ئەمەش گرنگە تا چەندە ئەوانە بەرژەوەندییە سیاسییەكانی هەرێمی كورستان دەپارێزن. بە گوتەی هیمداد فەیسەڵ "هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆسنەفت گرێبەستی گەورەی كردووە و مەیلیشی زیاتر بە لای كۆمپانیاكانی رووسیا بووە".
لە لایەكی ترەوە دكتۆر بێوار خنسی پسپۆڕی ئاسایشی ئابووری هەرێمی كوردستان، باسی لەوە كرد كە هاتنی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەندەی پێوەندی بە دۆخی تەناهی و سیاسیی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەندە بەوەوە گرێ نەدراوە لە ئێران بكشێنەوە یان نا، چونكە ئەگەر كەشەكە لەبار بێت، ئەوا هیچ رێگرییەك بۆ هاتنی ئەم كۆمپانیایانە نییە.
خنسی دەڵێ "حكوومەتی هەرێمی كوردستان نابێت لەسەر بنەمای كشانەوەی كۆمپانیاكان لە ئێران دڵی بە هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان خۆش بكات، چونكە دەرەنجامی سزایەكی نێودەوڵەتییە دژی ئێران و حكوومەتی هەرێمیش لە پێوەندییە دیپلۆماسییەكان نابێت بەم سزایانە دڵخۆش بێت".



وشە - سلێمان تاشان


AM:11:29:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 859 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌