ترەمپ سزادانی كۆمپانیایەكی چینی وەستاند

:: AM:09:37:14/07/2018 ‌

ئەمەریكا سزاكانی سەر كۆمپانیای گەورەی بواری تەكنەلۆجیای چینی وەستاند، دوای ئەوەی خەریك بوو ئەم كۆمپانیایە بە تەواوی دابخات.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، دۆناڵد ترەمپ خۆی دەستێوەردانی كردووە و كۆتایی بە سزاكانی ئەو كۆمپانیایە هێناوە دوای ئەوەی كۆمپانیاكە بە تەواوی داواكارییەكانی ئەمەریكای قبووڵ كردووە و بەڵێنی داوە چاكسازی لە دەستەی كارگێڕیدا بكات.

وەزارەتی دارایی بڵاوی كردەوە كۆمپانیای ZTE لە جیاتی درێژەدانی سزاكان، پێویستە ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەمەریكا بگەڕێنێتەوە كە وەك سزا بۆی دیاری كرابوو.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكاش ئەوەی خستەڕوو ئەم كۆمپانیایە رێنوێنییە بازرگانییەكانی بە تەواوی جێبەجێ دەكات و ئێستە هیچ كێشەیەكی لەگەڵدا نییە.

كۆمپانیا چینییەكە لە ئەمەریكا فرۆشیاری مۆبایلی زیرەكە و لەم كارەیدا بە تەواوی بە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بەستراوەتەوە. ساڵی رابردوو كۆمپانیاكە بە هۆی ئەوەی كە هەندێك بەرهەمی بە ئێران فرۆشتبوو و سزاكانی ئەمەریكای پێشێل كردبوو، بە سزای 890 ملیۆن دۆلار حوكم درابوو و دواتر دادگایەكی تر سزای 300 ملیۆن دۆلار سزای هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاندبوو.

یەكەم هۆشداری كە بەم كۆمپانیایە و كۆمپانیای هواوی درابوو بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە و دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا گوتبووی ئەم كۆمپانیایانە بۆ ئەمەریكا هەڕەشەی تەناهین.

راگرتنی سزادانی ئەو کۆمپانیا گەورەیەی بواری تەکنەلۆجیا لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا و چین جەنگێکی ئابوورییان دەست پێ کردووە ئەو جەنگەش رۆژ بەرۆژ زیاتر پەرەی سەندووە. ئەمەریکا باجی زۆری خستووەتە سەر ئەو بەرهەمانەی لە چین و تەنانەت وڵاتانی تری ئەوروپی و کەنەدا هاوردەی ئەمەریکا دەکرێن و ئەو وڵاتانەش لە بەرانبەردا باجی قورسیان خستووەتە سەر بەرهەمەکانی ئەمەریکا. چین قەبارەیەکی گەورەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە و بۆیەش هەنگاوەکانی ئەمەریکای بە راگەیانندی جەنگی ئابووری هەژمار کردووە. لەم دۆخەدا وەلانانی سزا لەسەر کۆمپانیایەکی گەورەی چینی بە یەکەم هەنگاوی ئەرێنی ئەمەریکا بۆ پێوەندییە بازرگانییەکان هەژمار دەکرێت.

سەرچاوە/بی بی سی



وشە - سلێمان تاشان