كۆمپانیای بۆینگ لە جەنگی بازرگانیی نێوان ئەمەریكا و چین نیگەرانە

:: AM:11:19:16/07/2018 ‌

ئەو جەنگە بازرگانییەی لە نێوان ئەمەریكا و چین دەستی پێ كردووە تەنیا بە زیانی چین نییە، بەڵكو بە زیانی كۆمپانیاكانی ئەمەریكاشە و سەرۆكی یەكیك لە گرنگترین كۆمپانیاكانی ئەمەریكا باس لەوە دەكات بەهۆی ئەم جەنگە زیانێكی زۆریان پێ دەگات.

دێنیس مایلێنبێرگ بەڕێوەبەری كۆمپانیای بۆینگی ئەمەریكی روونی كردەوە، جەنگەكە جگە لەوەی كاریگەریی خراپی بۆ سەر رەوتی بەرهەمهێنانی فڕۆكە دەبێت، لە هەمان كاتدا پیشەسازی فڕۆكەسازی و ئامێرەكانی پێوەندیدار بە فڕین و بۆشایی ئاسمان بە بازرگانیی ئازاد گرێ دراون.

ئەو باسی لەوەش كردووە كە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە پێوەندیدایە و دڵنیایی ئەوەشی بە رۆژنامەنووسان دا كە ترەمپ گوێی لێ دەگری و رێچارەیەك بۆ ئەم كێشەیە دەدۆزێتەوە.

لەم مانگەدا ئەمەریكا باجی خستە سەر بەشێك لە بەرهەمەكانی چین بە قەبارەی 34 ملیار دۆلار و چینیش لە وەڵامدا كۆمەڵیك سزای بەسەر بەرهەمەكانی ئەمەریكادا سەپاند.

بەگوێرەی BBC ترەمپ دوای ئەم هەنگاوە هەڕەشەی تری كردووە و گوتوویەتی ئەمجارە باج دەخاتە سەر 200 ملیار دۆلار كاڵای تری چین. ئەمەریكا تەنیا لەگەڵ چین نەكەوتووەتە جەنگی بازرگانی، بەڵكو باجی بەسەر بەرهەمی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی ئەوروپا و كەنەدا و مەكسیكیش سەپاندووە.

هەریەك لەم وڵاتانەش لە بەرانبەر سیاسەتە بازرگانییەكانی ترەمپ بێ وەڵام نەبوون و باجیان خستووەتە سەر بەرهەمەكانی ئەمەریكا.

كۆمپانیای بۆینگ لەگەڵ ئێراندا گرێبەستی گەورەی واژۆ كردبوو بۆ ئەوەی چەندان فڕۆكە بۆ ئێران بەرهەم بهێنێت، بەڵام لەگەڵ كشانەوەی ترەمپ لە رێككەوتنی ناوكیی، ئەو كۆمپانیایەش لە گرێبەستەكە كشایەوە و ئەمەش ئەگەر لە لایەك بە زیانی ئێران بێت، ئەوا بە زیانی كۆمپانیاكەشە كە بە ناچاری گرێبەستێكی لێ هەڵوەشێنراوەتەوە.





وشە - سلێمان تاشان