له‌یلا كچی قاسم كچی حه‌سه‌ن كچی عه‌لی، دایكی ناوی عیسمه‌ت محه‌مه‌د جاسم، له 27ی كانوونی یه‌كه‌می (١٩٥2) له گوندی بامیل سه‌ربه شارۆكه‌ی خانه‌قین له دایك بووه. له‌یلا له خێزانێكی هه‌ژار و نیشتمانپه‌روه‌ری كورد له خانوویه‌كی بێ كه‌ڵكدا چاوی به دنیا كراوه‌ته‌وه.
له ماڵباته‌كه‌یان خاوه‌نی خوشكێكه به‌ناوی سه‌بیجه و سێ برا به‌ناوی سه‌لام، سه‌فا و سه‌ڵاح، ئه‌مانه هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه خه‌ریكی خوێندن بوونه، هاوكات بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیانی خێزانه‌كه‌یان سه‌رقاڵی كاركردنیش بوونه. قاسمی باوكی له‌یلا، كرێكاری كۆمپانیای نه‌وتی ئه‌ڵوه‌ند/خانه‌قین بووه تا ساڵی (١٩٧١) و له‌دوای خانه‌نشینبوونی، بڕیار ده‌ده‌ن له خانه‌قینه‌وه به‌ره‌و به‌غدا بڕۆن.
له‌یلا ساڵی (١٩٥٨) له خانه‌قین چووه‌ته قوتابخانه و قۆناغه‌كانی خوێندنی بڕیوه و نمره‌ی به‌رزی له پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی له قوتابخانه‌ی "ئاماده‌یی خانه‌قینی كچان" به‌ده‌ست هێناوه. ساڵی (١٩٧١) له به‌شی كۆمه‌ڵناسی-كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا وه‌رده‌گیرێ.
له سه‌رده‌می خوێندنی زانكۆدا به‌شێوه‌یه‌كی قووڵ و فراوان پێوه‌ندی به بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورده‌وه كردووه، یه‌كێك بووه له ئه‌ندامه چالاكه‌كان، ده‌یخواست ئاینده‌ی میله‌ته‌كه‌ی به ئه‌ندازه‌ی كێوی داڵانپه‌ڕ به‌رز بێته‌وه و سه‌ربه‌خۆ بێ. به‌ڵام له ماوه‌ی سه‌رقاڵبوونی به كاری سیاسییه‌وه، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقییه‌وه به وردی چاودێری ده‌كرێ، تا سه‌عات یه‌كی شه‌وی 29 له‌سه‌ر 30ی نیسانی (١٩٧٤) له‌یلا ده‌گیرێ و ڕاسته‌وخۆ ڕه‌وانه‌ی "ئه‌منی عامه‌ی به‌غدا" ده‌كرێ.
له دواتردا و له ڕۆژنامه‌ی "السه‌وره"ی زمانحاڵی ڕژێمی به‌عس و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه هه‌واڵی گیرتنی له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی بڵاوكرایه‌وه و به تێكده‌ر و گێره‌شێوین ناویان بردن.
دوای دوو هه‌فته له گرتنی له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی، سه‌عات حه‌وتی به‌ره‌به‌ریانی ڕۆژی 12ی ئایاری (١٩٧٤) له‌یلا قاسم و هه‌ریه‌ك له هاوڕێیانی (جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی، ئازاد سلێمان میران، نه‌ریمان فوئاد مه‌ستی و حه‌سه‌ن حه‌مه‌ڕه‌شید) له سێداره ده‌درێن.
له‌یلا قاسم یه‌كه‌م ژنه به‌هۆی به‌شداریكردنی له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد له‌سێداره دراوه، له مێژووی 97 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی عێراقیشدا هه‌ر به یه‌كه‌م ژن ئه‌ژمار ده‌كرێ. به‌ڵام له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم، وه‌ك ڕووداوێكی ئاسان كۆتایی نه‌هات، به‌ڵكو بووه هۆی پژانی چاوی خه‌مخۆران و دڵسۆزانی كورد و دۆزه‌كه‌ی. هه‌موو تاكێك له ئاست خۆیه‌وه به‌گوێره‌ی پسپۆڕی و شاره‌زایی خۆی گوزارشتی له خه‌مباری و دڵته‌نگی ده‌كرد.
شاعیرانی كوردیش، له خه‌می ئه‌و كاره‌سات و ڕووداوه، خامه‌یان وه‌گه‌ڕ خستووه و به شیعر ناخی خۆیان ده‌ربڕیووه، له‌وانه: هێمن موكریانی، له ساڵی (١٩٨٥) و دوای 11 ساڵ له شیعرێكدا به‌ناونیشانی به‌هاری زه‌رد، بۆ له‌یلا قاسم ده‌نووسێ:
هه‌میشه ده‌رد ده‌بینم، ده‌رد ده‌بینم
درۆی دوژمـن، ده‌هۆی نامه‌رد ده‌بینم
مه‌گــه‌ر زه‌ردایی ناكه‌ن، چاوه‌كانم
كه ڕه‌نگی نه‌وبه‌هاری زه‌رد ده‌بینم
به‌سۆزه‌ی با كه‌س دڵــی دڵ گه‌شاوه
ده‌روون پڕ سـۆز و فـرمێسك خــــوناوه
له دووری له‌یلا، به‌واوه‌یلا و شیوه‌ن
ده‌ڕۆم و پۆڵێ شـینگـێڕم بــه‌دواوه
بــزه‌ی هـاتێ گوتی ڕوونـاكه ئه‌ستۆم
وه‌ره جــــــه‌لاد په‌تـت بـــاوێژه ئه‌ستۆم
ئه‌وه پــه‌ت نییه میدالی ئیفـتـخــاره
كه بووه قاره‌مانی میلله‌تی خۆم
ئه‌وه‌ی بیست شاعیر و گریا به زاری
ئه‌گه‌رچی به‌ستــرابوو لــــێو و زاری
گوتی له‌یلا هه‌میشه پایه‌داری
له‌ژێر خاكا لــه پێش چاوان دیاری
كه تۆ تـۆرای له چــــاوان وه‌ك خه‌وی من
له بســكت ڕه‌شتــره مانگه شه‌وی من
بــرۆ مه‌جنوون به له‌یلای خۆت مه‌نازه
كه ناوبانگ پتر ڕۆی ئـه‌وی من
هاوكات شێركۆ بێكه‌س، شیعرێكی بۆ له‌یلا قاسم نووسیوه و به‌م شێوه‌یه ده‌ڵێ:
نــاو
گۆمێ شووی كرد به ئاسۆیه‌ك
له باوه‌شی
سێیه‌م وه‌رزا
له ناو شه‌بقی
ده‌مكه‌لا كچێكیان بــوو
بــۆ ناو گه‌ڕان
هه‌رچـــی شــــاخــه، كــۆبـوونه‌وه
هه‌رچــی باڵنده و دره‌ختــه
گردبــوونه‌وه و
به هـه‌موویـان
كچه‌كه‌یان ناو نــا، "لـــه‌یـلا"!
ئه‌ڵبه‌ته زۆر شاعیر و هۆزانڤانی كورد و عه‌ره‌ب و شاعیری میله‌تانی تر، شیعریان بۆ له‌یلا قاسم نووسیوه، عوسمان هورمزیاری به‌م شێوه‌یه شیوه‌ن بۆ له‌یلا قاسم ده‌كات:
جه‌لاده‌كان وایانزانی
به قرتانی چه‌ند گوڵێ
ناهێڵن به‌هار بێته‌وه و به سانایی ده‌یسووتێنن
شابسكی گشت دره‌خته‌كان
به‌شمشێرێكی ژه‌نگاوی
یه‌كه یه‌كه ده‌قرتێنن
ئیتر بیری به‌رخودان و
شۆڕش بۆ هه‌تا هه‌تایه
له ڕه‌گه‌وه له بن دێنن
جه‌لاده‌كان وایانزانی
ده‌توانن مه‌لی سه‌ربه‌ستی وا تار بكه‌ن
نه‌یبێ وێنه
له‌نێو هێلانه‌ی نیشتمان
وایانزانی
له به‌رامبه‌ر شاره زه‌رده‌واڵه‌ی عۆجه
خانه‌قین خۆی
كوردایه‌تی ته‌سلیم ده‌كا و
هه‌رخۆی ده‌چێته باوه‌شی
وه‌رزی خه‌زان
به‌ڵام له‌یلا ئه‌و خه‌وه گڵاو و نه‌گریسه‌ی
لێ كردن تاڵ
په‌تی سێداره‌ی ماچ كرد و
بانگی ئازادی چڕی و
جارێكی تر
باسی شۆڕش
له سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا
كرد به هه‌واڵ
له‌یلا بووه ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه
ڕووناكی كرد شه‌وی تاری
بوو به‌هه‌ورێ
له چوار وه‌رزا
هه‌موو شه‌وێ و هه‌موو مانگ و
هه‌موو وه‌رزێ
له‌یلای تری لێ ده‌بارێ!
ئه‌مانه و ده‌یان و سه‌دان شیعری تر له‌سه‌ر له‌یلا نووسراون، هاوكات ژماره‌یه‌كی زۆر كورته بابه‌ت له ڕۆژنامه و گۆڤاره كوردییه‌كان بڵاو كراونه‌ته‌وه. له‌یلا قاسم یه‌كێكه له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كورد شانازی پێوه ده‌كات، كه له‌پێناوی خه‌بات و به‌رخودانی كوردستان و بزاڤی رزگاریخوازی كورد گیانی خۆی به‌خشی و به سه‌ربه‌رزی ناوی چووه مێژووه‌وه. له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر "به‌ریتانیا شانازیی به ڤیكتۆڕیا، ئه‌مه‌ریكا به هیلاری كلینتۆن، ڕووسیا به ئه‌لیكسانده‌ر، هیندستان به گاندی، پاكستان به بێنه‌زیر بۆتۆ، ئه‌فغانستان به مه‌لاله یوسفزه‌ی، میسڕ به كیلۆپاترا، ئه‌رجه‌نتین به ئێڤیتان پێرۆن و چین به تزۆهسی"یه‌وه بكه‌ن، كورد شانازی به له‌یلا قاسمه‌وه ده‌كا.
سه‌رچاوه‌كان:
1-سیروان محه‌مه‌د حاجی: ژنانی ناوداری كورد، چاپه‌مه‌نی گه‌نج، سلێمانی ٢٠١٢.
2-عوسمان هورمزیاری: له‌یلا قاسم، (قامووسی ناوه نه‌مره‌كان)، ب١، هه‌ولێر، ٢٠١٤.
3-هونه‌ر نه‌وزاد (كۆتاك): له‌یلا قاسم- ته‌مه‌نێكی بچووك، مێژوویه‌كی گه‌وره (١٩٥٠-١٩٧٤)، بڵاوكراوه‌ی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، هه‌ولێر، ٢٠١١.
4-هێمن: سه‌رجه‌م نووسینه‌كانی مامۆستا هێمن، چاپخانه‌ی هه‌ولێر، هه‌ولێر، 2014.
5-شۆڕش ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی: گوڵبژێرێك له ناودارانی كورد، بڵاوكراوه‌ی چوارچرا، سلێمانی، ٢٠١٣.
گۆڤاره‌كان:
6-مومتاز حه‌یده‌ری: گڕی گڕكانی نه‌ته‌وه‌یی شۆڕش، گۆڤاری شیكار، ژماره 11 و 12، ٢٠١٥.
7-ئه‌سعه‌د عه‌دۆ: بۆ خوشكه له‌یلا، گۆڤاری له‌یلا قاسم، له‌یلا زانا، ژماره ٧، ٢٠١٣.
وشه/ كۆیه- زامدار ئه‌حمه‌د