توركیا هاوردەكردنی نەوتی ئێرانی دابەزاند

:: PM:04:09:21/07/2018 ‌

لە ژێر كاریگەریی سزا نێودەوڵەتییەكانی ئەمەریكا، توپراش كە یەكێكە لە گەورەترین پاڵاوگەكانی توركیا، ئاستی هاوردەكردنی نەوت لەم وڵاتەی كەم كردەوە.

 كۆمپانیاكە بڵاوی كردەوە ئەوان رێك لەو كاتەوە كڕینی نەوتیان دابەزاندووە كە ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی كشایەوە.

لەو ماوەیەدا تۆپراش رۆژانە 187 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران كڕیوە لە كاتێكدا پێشتر رۆژانە 240 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێرانی هاوردە دەكرد.

بەو پێیە رۆژانە 53 هەزار بەرمیل نەوت لە هاوردەكردنی كۆمپانیاكە دابەزیوە و پێشبینی دەكرێت لە داهاتوودا لەگەڵ دەستپێكردنی سزا قورسەكانی ئەمەریكا زیاتر داببەزێت.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە كاتێكدایە كە دوێنێ هەینی شاندێكی باڵای ئەمەریكا لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەبارەی دوایین سیاسەتەكانی ئەمەریكا و دەستپێكردنی سزاكان بۆ سەر ئێران گفتوگۆیان كرد.

مەبەستی ئەمەریكا بۆ ئەو سەردانە ئەوەیە توركیا رازی بكات هاوكاری ئەمەریكا بكات و رێ نەدات كاریگەری سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە ناو بچێت.

سەرەڕای ئەمە یەكێك لە بەشدارانی كۆبوونەوەكە بە رۆیتەرزی گوتووە توركیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆی و ئاستی پێداویستییەكانی بڕیار دەدات و خۆی بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە دەدات نەك ئەمەریكا.

ئەمەریكا پێشتر گوتبووی لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمەوە رێ بە هەناردەی نەوتی ئێران نادا و هەر كۆمپانیایەك نەوتی لێ بكڕێت سزای دەدات، بەڵام لەمدواییە پێداچوونەوەی بەسەر ئەم بڕیارەدا كرد و گوتی ئەگەر وڵاتێك ناچار بێت هەر نەوتی ئێران بكڕێت، ئەوا لەوانەیە رێی پێ بدات نەوتەكە بكڕێت.




وشە - سلێمان تاشان