كاتی دانانی سیستەمی كارەبای سیمكارت لە كوردستان دیاری كرا

:: PM:12:13:22/07/2018 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، دەست بە جێبەجێكردنی سیستەمی سیمكارت بۆ دابەشكردنی كارەبا و چاكسازی لە كەرتی كارەبا كراوە، بە تەواوبوونی كارەبای كوردستان دەبێتە 24 سەعات و هیچ گرفتێكی كارەبا بوونی نامێنێت.

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەست بە دانانی سیستەمی سیمكارت بۆ دابەشكردنی كارەبا كراوە و بە تەواوبوونیشی كێشەی كارەبا نامێنێ و دۆخی كارەبا زۆر باش دەبێت، كەس ناتوانێ سەرپێچی لە كارەبا بكات و هەر كەس بەپێی ئەو بڕەی بەكاری دەهێنێ، پارە لە بەرانبەری دەدات، واتە یەكسانییەكی تەواو دێتە دی.

زیاتر گوتی، لە ماوەی ساڵ و نیوێكی تر پڕۆژەی سیستەمی سیمكارتی كارەبا لە سەرانسەری كوردستان تەواو دەبێ و هەموو ماڵێك بە پێی ئەو سیستەمە كارەبای پێ دەدرێ، لە كۆی گشتیی كوردستان ملیۆنێك و 500 هەزار هاوبەشی كارەبامان هەیە، هەنگاو بە هەنگاو سەرجەم هاوبەشەكان ئەو سیستەمەیان بۆ دەبەسترێت.

ڕوونی كردەوە، ئەو بڕە كارەبایەی لە كوردستان بەرهەمی دەهێنین، بەگوێرەی ئەو سیستەمە بەشی كارەبای 24 سەعات دەكات و كەمی سەعاتەكانی كارەبا بوونی نامێنێ و هەر ماڵێكیش بەگوێرەی پێویستی خۆی كارەبا بەكار دەهێنێ و پارەكەیش بەپێی خەرجكردنی كارەبا لە هەر كەسێك وەردەگیرێ.

لەبارەی نرخی كارەبا لەو سیستەمە نوێیە، ئومێد ئەحمەد ئاشكرای كرد، تێچووی كارەبای كوردستان چەندە، تەنیا هەوڵ دەدرێ ئەو پارەیە لە خەڵك وەربگیرێتەوە و هیچ كێشەیەكیش بەوشێوەیە بوونی نامێنێت.

هەرێمی كوردستان ساڵانە بە تایبەتی لە وەرزی هاوین تووشی كەمبوونەوەی سەعاتەكانی كارەبای نیشتمانی دەبێ، بەهۆی لۆدی زۆر و پێویستی زۆری خەڵك بۆ كارەبا بە مەبەستی فێنككردنەوە، لەبەر ئەوەی كارەبای نیشتمانی ناتوانرێ 24 سەعات بە هاووڵاتییان بدرێتەوە، ئەوا پەنای بۆ سیستەمی مۆلیدە ئەهلییەكان بردووە، تا ئەو كاتانەی كارەبای نیشتمانی دەبڕێ، كارەبا بە خەڵك بدەنەوە.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د