19 ژن بە تۆمەتی كاری لەشفرۆشی گیران

:: PM:12:47:07/08/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، هێزەكانیان هەستاون بە هەڵمەتێك بۆ گرتنی ئەو ژنانەی لە ناوچەی پیشەسازی و سەرشەقامە گشتییەكان ڕادەوەستن بەبیانووی سواڵكردن.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئاب، لە ڕاگەیەنراوێكی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاتووە، لە درێژەی كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و لە هەڵمەتێكی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەمەبەستی گرتنی ئەو ژنانەی لە ناوچەی پیشەسازی و سەرشەقامە گشتییەكان ڕادەوەستن بەبیانووی سواڵكردن.

پۆلیس ئاشكرای كردووە، لەو هەڵمەتەدا توانرا  19 ژن بگرن و ڕادەستی بنكەی پۆلیسی چوارچرای بكەن بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا كە سەرجەمیان خەڵكی دەرەوەی شاری سلێمانین و ناردنیان بۆ بەردەم دادگا بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لەگەڵیاندا.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەی پۆلیس هاتووە، هەڵمەتەكە بەردەوامە و رێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر لە دژی هەركەسێك كەبەبیانووی سواڵكردن یان فرۆشتنی كەلوپەل لە ترافیك و شەقامە گشتییەكانی ناوشار ببینرێن.

هەفتەنامەی "وشە" لە ڕابردوو بڵاوی كردەوە بەشێك لەو ژنانەی لەسەر شەقامەكان و ترافیكەكان و ناوچەی پیشەسازی خەریكی كاری سواڵكردنن، لە پاڵ ئەوەدا كاری لەشفرۆشیش دەكەن، ئەمەش هاووڵاتییانی بێزار كردبوو.



وشە - رامیار جەواد