وەزارەتی دارایی لەبارەی جیاوازی مووچە بڕیارێكی دەركرد

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەرماڵە و شایستەكانی فەرمانبەران بڕیاری دەركرد و ڕای گەیاند، بەپێی خشتەی مووچە شایستە داراییەكانی فەرمانبەران خەرج دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئاب/ ئۆگەستس، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی بڵاو كردووەتەوە و ڕای گەیاندووە، ئەو فەرمانبەرانەی شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج نەكراوە بەهەر هۆیەك بێت لە ساڵانی 2014 و 2015 دا سەرجەم ئەو جیاوازیانە بە لیستی جیا لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگانەدا بۆیان خەرج دەكرێت.

نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری واژووی رێباز حەملان وەزیری دارایی لەسەرە و بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگاكان نێردراوە دووپات لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە شایستە داراییەكان ئاساییە بۆ هەر مانگێك تا بڕی یەك ملیۆن دینار خەرج بكرێت.

لە خاڵێكی تری نووسراوەكەدا هاتووە، لە بڕی 10 ملیۆن دینار زیاتر پێویستە رەزامەندی وەزارەتی دارایی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەربگیرێت.

ئەو نووسراوە لەكاتێكدایە كە ئێستە بەشێكی زۆر لە فەرمانبەران جیاوازی مووچەیان لە نێوان ساڵەكانی 2016 تا 2018 هەیە و تا ئێستەیش ئەو جیاوازییە پڕ نەكراوەتەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:07:17:13/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 4823 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌