بەریتانیا پڕۆژەیەك لە ئێران رەت دەكاتەوە

:: AM:09:23:15/08/2018 ‌
كۆمپانیایەكی بەریتانی لە بواری وەبەرهێنانی وزە رای گەیاند، پاشەكشە لە پڕۆژەیەكی ئێران دەكات كە بەهاكەی 570 ملیۆن دۆلارە، هۆكارەكەش بە هۆی سزادانی ئێرانە لەلایەن ئەمەریكاوە.

ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیای" كوێركۆس" كە لە بواری وەبەرهێنانی وزەی خۆر كار دەكات و رای گەیاندووە، لە پڕۆژەیەك  پاشكەشە دەكات كە بڕیار بوو بە بەهای 570 ملیۆن دۆلار لە ئێران ئەنجامی بدات.

 وێستگەی وزەی خۆری ئێران كە بڕیار بوو ئەنجام بدرێت، یەكەم پڕۆژە بوو لە دەرەوەی ئەوروپا كۆمپانیاكە ئەنجامی بدات.

دیگۆ بیاسی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا گوتوویەتی، "دوای سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بڕیارمان داوە، سەرجەم چالاكییەكانمان بوەستێنین، بەتایبەتی ئەو پڕۆژەیەمان كە تواناكەی دەگەیشت بە 600 میگاوات".

وەك بەرپرسانی كۆمپانیاكە ئاشكرایان كردووە، پێشبینی دەكرا كارەكانی ئەم پڕۆژەیە سێ‌ ساڵ بخایەنێ‌.

دوای سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران، زیاتر لە 100 كۆمپانیای ئەوروپی و جیهانی كارەكانیان وەستاندووە، چونكە سزاكانی ئەمەریكا بەسەر سەرجەم كەرتەكانی ئابووری سەپێنراوە و رێگریی لە ئێرانیش دەكرێت مامەڵە بە دۆلاری ئەمەریكی بكات.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل