یەكێتی نانبڕینی گۆڕانخوازانی دەست پێ كردەوە

:: PM:03:02:16/08/2018 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەفسەرێكی پلەداری بەهۆكاری جیاوازی بیروڕای سیاسی دوور خستەوە و پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتنیش بە هێزی شەڕكەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەژمار دەكات.



ئەمڕۆ پێنجشەم، 16ی ئابی 2018 ، نەقیب دڵشاد شكور لە هێزەكانی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن، بە "وشە"ی راگەیاند، "سەرباری ئەوەی باوكم پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و لە ژیاندا نەماوە، خۆشم ساڵانێكی دوور و درێژە لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوەكانی تری وەزارەتی ناوخۆم، بەڵام لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەفەرمی نووسراوی دوورخستنەوە و گواستنەوەم دراوە بۆ دەرەوەی هێزەكانی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن."


ئەو روونی كردەوە كە پێیان راگەیاندووە نابێ لە پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن بمێنێ چونكە ئەم هێزە هێزی شەڕكەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.


نەقیبەكە لە وەڵامی ئەو فەرمانە بە بەرپرسانی یەكێتی گوتووە "راستە گۆڕانم بەڵام بە یەك پێشمەرگەم نەگوتووە دەنگ بەگۆڕان بدەن."

 
نەقیب دڵشاد شكور یەكێك لەو كەسانەیە كە لە شاڵاوی ئەنفال گەڕاوەتەوە و دایكی و چوار برای بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون، جێی نیگەرانییە لە نێو هێزی پێشمەرگەدا لەسەر بیروڕای سیاسی كەسانێك دوور بخرێنەوە و هێزی چەكدار بەحزبی بكرێ.


سامان گەرمیانی بەرپرسی مەڵبەندی 11ی رێكخستنی گەرمیانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ماوەیەكی زۆر كەمە هاتووەتە ئەم ناوچەیە و بووەتە بەرپرسی مەڵبەند و لە بەرنامە و پلانیدایە گوێ لە هەموو كەس بگرێ، چ پشتگوێ خرابێ یان هەر ناحەقییەكی بەرانبەر كرابێ.


گەرمیانی بێئاگابوونی خۆی دەربڕی لەو جۆرە لێپرسینەوە و كارانەی كە لە ناوچەكە دەكرێ، بۆیە گوتی بەدواداچوون دەكات.
 

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 







وشە - سلێمان تاشان