كەركووك.. دوو خاڵی گومرگی لەگەڵ هەولێر و سلێمانی دادەنرێن

:: PM:08:36:18/08/2018 ‌

پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت رای گەیاند كە لە رۆژانی داهاتوودا دوو خاڵی گومرگی لە دەروازەی پارێزگای كەركووك بە ئاراستەی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی داەنرێن.

بە پێی بەیاننامەیەكی پارێزگای كەركووك ئەمڕۆ شەموو راكان جبووری لەگەڵ شاندێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنی هاوبەش پرسی كردنەوەی خاڵی پشكنینی گومرگی لەسەر رێگەی كەركووك –هەولێر و كەركووك-سلێمانی و  كردنەوەی رێگەی كەركووك-هەولێریان باس كردووە. 

بە پێی بەیاننامەكە دووپات لە گرنگی كردنەوەی رێگەی كەركووك-هەولێر كراوە بەپێی لێكگەیشتن و هاوئاهەنگی لە نێوان نوێنەرانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی رێكخستن و ئاسانكردنی هاتوچۆی جوڵەی گەشتیاران و بازرگانی و نەخۆشان.

هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هەروەها باسی كردنەوەی دوو خاڵی گومرگی كراوە یەكێكیان بە ئاراستەی هەولێر و ئەوەی تریان بە ئاراستەی سلێمانی و بەو شێوەیە داهاتی دەوڵەت لەو رێگەوە لە بەهای كاڵاكان بە رێژەی 5% بۆ حكوومەت و 1% بۆ پارێزگاكە زیاد دەكات، كە لە رۆژانی داهاتوو دەكرێنەوە دوای دابینكردنی هەموو پێویستییەكان.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ كە هێزەكانی حكوومەتی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی باڵێكی ناپاكی ناو یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان ناوچە كێشەلەسەركانیان كۆنترۆڵ كرد، كەركووك كەوتووەتە بەر هەڵمەتێكی رێكخراوی تەعریبكردن و گەڕاندنەوەی دۆخەكەی بۆ سەردەمی پێشووی عێراق.  

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل