ئێران بە هەڕەشە وەڵامی ئەوروپا دەداتەوە

:: AM:09:37:19/08/2018 ‌

دوایین وەڵامی ئێران بۆ ئەو وڵاتانەی هێشتا لە رێككەوتنی ناوكیی نەكشاونەتەوە، هەڕەشەكردن بووە بە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی و پێی وایە ئەوانەش هەر لەگەڵ ئەمەریكان.

دوای ئەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە، هیچ كام لە وڵاتەكانی تری ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی نەچوونە پاڵ ئەمەریكا ویستیان رێككەوتنەكە بپارێزن ئەگەرچی گەورەترین نیگەرانی ئەوانیش ئەو چالاكییانەیە ئێران بۆ پەرەپێدانی مووشەكی بالستیكی دەستی پێ كردوون.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" ئێران وەڵامی ئەو نیگەرانییەی رۆژئاوای دایەوە و بە ئاشكرایی گوتی واز لە بەرنامەی مووشەكی ناهێنین. سەرتیپ ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران روونی كردەوە بەگوێرەی پلانی پێشوو بۆ بەرهەمهێنانی مووشەك هەنگاویان ناوە و هێشتا لە گرنگترین پلانەكانی وەزارەتەكەیە و بەردەوام پەرەیان پێ دەدات.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران باسی لە كۆمەڵێك جۆری مووشەك كرد كە هێشتا بەشێكیان تاقی نەكراونەتەوە، بەڵام خراونەتە خزمەتی سوپا و لە بەرنامەیاندایە بەمزووانە تاقییان بكەنەوە.

وەزیری بەرگریی ئێران لە كاتێكدا ئەم قسانەی كرد كە هەر سەعاتێك زووتر ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لە دیدارێكی لە گەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا باسی لە نیگەرانییەكانیان لەبارەی ئەو هەنگاوانە كرد كە ئێران بۆ پەرەپێدانی مووشەك ناویەتی.




وشە - سلێمان تاشان