دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار ڕوو لە كوردستان دەكەن

:: AM:11:57:19/08/2018 ‌
بۆ جەژنی قوربان ئامادەكارییەكی زۆر كراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و بەرپرسێكی دەستەی گەشتوگوزار ئاشكرای دەكات، چێشتخانە و هۆتێلەكان كراوە دەبن.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئاب، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند،  ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، هەروەها لە ناوچە ‌گەشتوگوزارییەكان تیمی تایبەت بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و لە بازگەكان و چاودێریكردنی ناوچە گەشتوگوزارییەكان پێك هێنراوە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، لە ڕۆژانی جەژن هۆتێل و چێشتخانەكان دەكرێنەوە و هەوڵ دەدرێت زۆرترین گەشتیار سەرنجیان ڕابكێشرێت بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی كردنەوەی ڕێی هەولێر – كەركووك و كاریگەریی لەسەر هاتنی گەشتیاران ئاماژەی دا، بێگومان كردنەوەی ڕێی هەولێر – كەركووك كاریگەریی لەسەر زیادبوونی گەشتیاران هەیە، بۆیە پێشبینی زیادبوونی گەشتیاری زیاتر دەكەین بەبەراورد بە جەژنی ڕەمەزان.

بەپێی ئەو پلانەی دەستەی گەشتوگوزار دایڕشتووە، بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانی كوردستان بكەن.

 هەرێمی كوردستان خاوەن چەندان شوێنی گرنگی گەشتیارییە كە لە هاویندا كەشوهەوایەكی فێنكیان هەیە و پلەكانی گەرمی لە دەوروبەری 30 پلەی سیلیزی دەبێت.



وشە - رامیار جەواد