نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

:: AM:10:57:21/08/2018 ‌

لە دوێنێ دووشەمەوە كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە كراوەتەوە، نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، نرخی نەوت لە 71 دۆلار و 70  سەنتەوە بەرز بووەتەوە بۆ 72 دۆلار و 27 سەنت.

هەفتەی رابردووش لە دوو رۆژی كۆتایی هەفتەكە نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار كردبوو دوای ئەوەی پێشتر بە رێژەیەكی بەرچاو رووی لە دابەزین كردبوو.

بەگوێرەی dailyfx  لە سەرەتای هەفتەكە بەرزبوونەوەی بڕی گشتی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا لە لایەك و پەرەسەندنی جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.

نرخی نەوت دوای ئەوە رووی لە بەرزبوونەوە كرد كە شاندێكی چینی بۆ چارەسەری كێشە ئابوورییەكانی نێوان چین و ئەمەریكا سەردانی واشنتنیان كرد و ئەمەش كاریگەریی بۆ سەر دامركاندنەوەی ئەو جەنگە ئابوورییە هەبوو كە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستی پێ كردووە.

پێویستە بگوترێت هەر جۆرە كێشە و جەنگێك لە نێوان دوو وڵاتی زلهێزی ئابووری، كاریگەری بۆ سەر پاشەكشەی ئابووری دنیا دەبێت و لەو كاتەشدا نرخی نەوت دادەبەزێت كە چەرخی پیشەسازی دنیای پێ هەڵدەسووڕێت.



وشە - سلێمان تاشان