نرخی تمەن ڕووی لە دابەزین كردەوە

:: PM:04:29:12/09/2018 ‌

 نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەنی ئێرانی هەفتەیەك لەمەوبەر گەیشتە 15 هەزار تمەن، بەڵام دواتر نرخەكەی ئاسایی بووەوە و لە سەرووی 13 هەزار تمەن دەفرۆشرا، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە رووی لە هەڵكشان كردووەتەوە.

بەگوێرەی میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی تاران هەر دۆلارێك بە 14 هەزار و 500 تمەن فرۆشراوە و پێشبینی دەكرێت نرخی تمەن لە چەند مانگی داهاتوودا زیاتر دابەزێت.

مانگی رابردوو نرخی دۆلار بە 10 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرا و لەو ماوە كورتەدا نزیكەی پێنج هەزاری تر گران بووە و تمەن زیاتر 30%ی بەهای خۆی لە دەست داوە.

نرخی تمەن دوای ئەوە دابەزی كە ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی لە دژی ئێران كرد. سەرەتای ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێك سێ هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستە دەبێ پێنج هێندەی ئەو پارەیەت پێ بێت بۆ ئەوەی بتوانی دۆلارێك بكڕی.

رێك 10 ساڵ لەمەوبەر نرخی هەر دۆلارێك هەزار تمەن بوو، نرخی دۆلار 15 هێندە بەرانبەری بەهێز بووە و دەرخەری ئەو راستییەیە ئابووری ئێران رووی لە داڕمانە و پێشبینی دەكرێت تمەن زۆر لەمە زیاتر بشكێت و بەهایەكی ئەوتۆی نەمێنێت.



وشە - سلێمان تاشان