نرخی نەوت لە دابەزیندایە

:: AM:09:13:17/09/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە كرایەوە و لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەم بازاڕەش نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە.

پێویستە بگوترێ لە دوو رۆژی كۆتایی هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆڕسەش، نرخی نەوت دابەزی سەرەڕای ئەوەی كە لە كۆی هەفتەكە بەهای نەوت هەڵكشابوو.

بەگوێڕەی dailyfx ئەمڕۆ نرخی نەوت لە 78 دۆلار و شەش سەنتەوە دابەزیوە بۆ 77 دۆلار و 95 سەنت. چوارشەمی رابردوو بۆ یەكەم جار دوای چوار مانگ هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت 80 دۆلاری تێپەڕ كرد.

پێشبینی كراوە لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و هەندێك دامەزراوەی دارایی ئاماژە بە 100 دۆلار دەكەن.

لە ماوەی مانگی رابردوودا چەندان وڵات كۆتایییان بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ ئێران هێناوە و رۆژ بە رۆژ لە هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە كەم دەبێتەوە و ئەگەر بە گشتی هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە سفر، ئەوا كێشە لە پێداویستی نەوت دێتە كایەوە و دەبێ وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت قەرەبووی ئەم كەمییە بكەنەوە، ئەگەر نا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان