پێش دووەم قۆناغی سزاكان ئابووری ئێران گورزێكی تری بەر دەكەوێت

:: PM:06:13:25/09/2018 ‌

گرووپی "فیتۆل"بۆ بازرگانی كەلوپەلی سەرەتایی رای گەیاند كە لە دوای جێبەجێبوونی دووەم گەڕی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە كۆتای ئەمساڵدا، كاركردنی لەگەڵ ئێران دەوەستێنێت. 

ئەمڕۆ سێشەم مایك مۆلەر، بەرپرسی پەرەپێدان لە گرووپەكە و گەوەرترین بازرگانی نەوت لە دنیا لە سەروبەندی كۆنگرەی نەوت لە ئاسیا و زەریای هێمن لە سنگاپوور رای گەیاند، پێویستە كاركردن لەگەڵ ئێران یان هەر پێوەندییەك لەگەڵ ئەو وڵاتە بوەستێت.

زیاتر گوتی، پێوەندییەكی دوورودرێژمان لەگەڵ ئێران هەیە و خواستی دەست پێكردنەوەی بازرگانیم لەگەڵ ئەو وڵاتە، بەڵام ئێستە پێویستیمان بە لێبەخشینی ئەمەریكا و بانكەكانی دنیا هەیە بۆ ئەو كارە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە لە 2015 واژوو كراوە، نوێ ناكاتەوە و پاشەكشەی وڵاتەكەی لە رێككەوتننەكە و دەستكردنەوە بە سەپاندنی سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتە راگەیاند و هەڕەشەی لە وڵات و كۆمپانیاكانیش كرد لە ئەگەری مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران لە دوای سەپاندنی سزاكان.

یەكەم گەڕی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە مانگی ئابی رابردوو هاتە سەپاندن كە چەند لایەنێكی بازرگانی و هاوردەكردنی بۆ تاران گرتەوە، دووەم گەڕی سزاكانیش لە تشرینی دووەمی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت كە هەردوو كەرتی وزە و بانكی دەگرێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت هەناردنی نەوتی ئێران زۆر كەم بكاتەوە.    





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل