پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن خەرج دەكرێ

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای كرد، دوای گەڕانەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بۆ كارەكانی خۆیان، بڕیارە پارەی سەرجەم كارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆ لە سەرانسەری عێراق خەرج بكرێ كە بڕەكەی 65 ملیار دینارە.

ڕزگار حاجی حەمە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، خەرجكردنی پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن پێوەندی بە گەڕانەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران هەیە بۆ سەر كارەكانیان، دوای ئەوەی بە بڕیاری پەرلەمان و دادگای فیدراڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دوور خرانەوە و بەشێوەیەكی كاتی دادوەران لە شوێنی ئێمە دانران.

زیاتر گوتی، بەو بڕیارە سەرجەم كارەكانی كۆمسیاران ڕاگیرا، بۆیە هیچ كەسێك دەسەڵاتی ئەوەی نەبوو پارەی كارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردن خەرج بكات، بەڵام ئێستە گەڕاوینەتەوە سەر كارەكانمان و پارەكەیش ئامادەیە و تەنیا بڕیاری خەرجكردنی ماوە، لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانیش دەردەكرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كە ڕۆژی سێشەمی ئەم هەفتەیەی پەرلەمان بڕیاری كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە پەرلەمان دەدرێ، دوای ئەوەش دەست بە دابەشكردنی پارەی كارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردن دەكرێت. كۆی پارەكەش 65 ملیار دینارە و ڕێكخەری بنكەكان 300 هەزار و بەرپرسی وێستگەی دەنگدان 250 هەزار و كارمەندی ئاسایی 200 هەزار دیناریان پێ دەدرێت.

ڕۆژی 12ی ئایار/مایۆی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا، كارمەندان و مامۆستایان دوای بینینی خولی ڕاهێنان، وەك كارمەندی كۆمسیۆن بۆ ئەو ڕۆژە بەرپرسیاریەتی بنكە و وێستگەكانی دەنگدانیان گرتە ئەستۆ، لە بەرانبەر ئەمەیش لە هەر هەڵبژاردنێك كۆمسیۆن بڕێك پارە بەو كارمەندانە دەدات.

سلێمانی/هەستیار.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:02:11:07/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 5006 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌