له‌ بودجه‌ى 2019ى عێراق رێژه‌ى %12 بۆ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان كراوه‌

به‌پێى ئه‌و ره‌شنووسه‌ى پڕۆژه‌ى یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى 2019 كه‌ له‌لایه‌ن میدیاكانى عێراق بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، رێژه‌ى %12 بۆ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان كراوه‌.

میدیاكانى عێراق ره‌شنووسێكى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ ساڵى 2019 دانراوه‌.

 له‌ ره‌شنووسه‌كه‌دا رێژه‌ى %12.67 بۆ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان كراوه‌ به‌ بڕى هه‌شت تریلیۆن و 741 ملیار و 406 ملیۆن و 260 هه‌زار دینار ده‌كات. له‌ ره‌شنووسه‌كه‌دا دیار كراوه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ ته‌نیا بۆ شاره‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆكه‌.

جیا له‌مه‌ش 126 ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى گه‌شه‌پێدانى هه‌رێمه‌كان دیار كراوه‌ و  جیا له‌مه‌ش 102 ملیار و 361 ملیۆن دینار له‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان كراوه‌، كه‌ له‌ بانكى ناوه‌ندى بۆ پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ قه‌رزى بیانى وه‌رگیراوه‌.

له‌ ره‌شنووسه‌كه‌شدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، نرخى به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 56 دۆلار خه‌مڵێنراوه‌ و له‌گه‌ڵ بڕى هه‌نارده‌ به‌ شێوه‌ى رۆژانه‌ سێ ملیۆن و 880 هه‌زار به‌رمیل، به‌ 250 هه‌زار به‌رمیلى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌. 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


PM:02:28:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 602 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌