دی ئێن ئۆ توانای بەرهەمی نەوتی پیشخابووری بۆ 50 هەزار بەرمیل بەرز كردەوە

كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی كە لە كێڵگەی تاوكێ و پیشخابوور وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و وزەی كوردستان دەكات، دووپاتی كردەوە كە توانیویەتی لە پەرەپێدانی بیرە نەوتییەكانی پیشخابوور سەركەوتوو بێ و بڕی بەرهەمی نەوتی بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا زیاد كردووە.

كێڵگەی پیشخابوور نزیكە لە كێڵگەی تاوكێ و لە ساڵی 2017ەوە وەبەرهێنان لە بیرە نەوتییەكانی ئەو كێڵگەیە دەستی پێ كردووە، كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی كە پێشتر بڵاوی كردەوە تا كۆتایی ئەمساڵ توانای ئەو كێڵگە نەوتییە بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرز دەكاتەوە، دووپاتی كردەوە كە توانیویەتی بەر لە كۆتایی ساڵ ئەو ئامانجەی بەدی بهێنێت.

لە بیرەنەوتی پیشخابوور حەوت، ئەو كۆمپانیایە توانی ڕۆژانە بڕی 10 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەربهێنرێت، بەگشتی ئێستە لە بیرە نەوتییەكانی كێڵگەی پیشخابوور 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام دی ئێن ئۆ ئامادەكارییەكان خەریكە تەواو دەكات و هەشت تا 11 هەزار بەرمیل نەوتی تریش ئامادەیە بۆ دەرهێنان و هەناردەكردن، واتە بەر لەوەی كۆتایی ساڵی 2018 بێ، كۆمپانیاكە توانی بڕی بەرهەمهێنانی ئەو كێڵگە نەوتییە بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرز بكاتەوە.

دی ئێن ئۆ ئاماژەی داوە، ئێستە تەنیا پێویستمان بە كاركردنە لە گرفتی دەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكە، چونكە نەوتی تەواو دۆزراوەتەوە و كاری تێدا كراوە كە بڕەكەی دەگاتە 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، بۆیە بڕیارە بۆڕییەكی نەوتی بە تیرەی 10 بۆسە دروست بكات، تا نەوتی بیرە تازەكان بە بۆڕی نەوتی كوردستان ببەستێتەوە و تواناكەی بەرزتر دەكاتەوە و دەگاتە 60 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

موسەڤەر رەحمانی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی گوتی، ئێمە هەموومان بەردەوامین لە كارەكانمان لە كوردستان و بەرەوپێشەوەیش هەنگاومان ناوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:01:01:11/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 170 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌