لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری مووچە لەبارەی مووچەی مانگی داهاتووی روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، دابەشكردنی مووچەی مانگی داهاتووی توێژێك بەپێی سیستەمی بایۆمەتری دەبێ.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاندووە، گشت كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، ئاگادار دەكاتەوە كە دابەشكردنی مووچەی مانگی داهاتووی ئەو توێژانە كە دەكەوێتە مانگی (11 تشرینی دووەم)، لەسەر بنەمای بایۆمەتری دەبێت.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، داوا لە مووچەخۆرانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی دەكەن كە باركۆدەكانیان بە زووترین كات بگەیەنە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتیان، بە پێچەوانەوە مووچەكانیان لە مانگی داهاتوو رادەگیرێت بەپێی بڕیاری 111ی ئەنجوومەنی وەزیران كە لە 12/6/2017 دەرچووە.
ساڵی رابردوو بایۆمەتری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا كە مەبەست لێی بڕینی دوو مووچەیی و مووچەی بندیوار بوو، بەڵام تا ئێستە ئەو سیستەمە جێبەجێ نەكراوە.