بازرگانانی هەرێم بازاڕی كۆڵبەرانی سنوور دەبووژێننەوە

:: PM:09:51:22/10/2018 ‌
بەهۆی ئەو سزا ئابوورییانەی خراوەتە سەر ئێران و بووەتە هۆی دابەزینی بەهای تمەن، ئێستە لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دۆخێكی زۆر سەختی ئابووری دەگوزەرێ، ئەوەش بووەتە مایەی ئەوەی لە مەرزەكانی هاوسنووری هەرێم، بەرپرسانی ئێرانی رێ نەدەن بەگەڕانەوەی باری بازرگانانی باشوور و بەشێكی زۆری بازرگانانی هەرێمیش كە پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیا ئێرانییەكان هەبووە، بارەكانیان لەو وڵاتە گیری خواردووە و پەنایان بۆ كۆڵبەر و رێی قاچاخ بردووە، هەرچەندە مەترسییەكی زۆریش لەسەر ژیانی كۆڵبەراندا هەیە.

كەرەستەی زۆر لە دیوی ئێراندا گیری خواردووە
عەبدوڵا لوقمان یەكێك لە بازرگانانی هەرێم لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە"وشە"ی راگەیاند، سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران و دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرانبەر بەدۆلاری ئەمەریكایی، باری ئابووری ناوخۆیی ئێرانی زۆر گران كردووە. وەك عەبدوڵا دەڵێ، "بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە بازرگانانی هەرێم".
لەبارەی جۆری زیانەكە، ئەو بازرگانە روونی كردەوە كە "پێشتر ئێمە باری زۆرمان لە ئێراندا هەبوو، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئێرانی لە مەرزەكان بەبیانووی ئەوەی هێنانەوەی بارەكانمان دەبێتە هۆی زیاتر بەرزكردنەوەی نرخی كەلوپەل و شتومەكی جیاواز لە ناوخۆی وڵاتەكەیاندا، بۆیە رێمان پێ نادەن بیانهێنینەوە هەرێمی كوردستان و ئێمەش لەپێناوی ئەوەی زیان نەكەین، پەنامان بۆ كۆڵبەرەكان بردووە، تا هەر چۆن بێت بەشێوەی قاچاخ بارەكانمان بۆ بێننەوە".

"بازرگانان گرێبەستیان هەیە"
سەعید نووری نووسینگەی كاروباری بازرگانیی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ هەیە، بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات كە رۆژانە كاروباری بازرگانان رێك دەخەن و بۆیان رادەپەڕێنن. بەگوتەی ئەو، "بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەی سەر ئێران، هەندێك بڕیار هەن لە دیوی ئێرانەوە دەركراون و رێ نادرێت بەوەی هەندێك مادەی خۆراكی و كەرەستەی تری كارەبایی و بیناسازی و جوجك و پەلەوەر، هاوردەی هەرێم بكرێن".
روونی كردەوە، "ژمارەیەكی زۆر لە بازرگانانی هەرێم پێش سەرهەڵدانی ئەم دۆخەی سەر ئێران، لەودیو كەرەستەی زۆریان كڕیوە و گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیا ئێرانییەكان كردووە، پارەی زۆریان خەواندووە و بەشێكی بازرگانانیش پارەیان ناردووە، بەڵام هێشتا كەرەستەكانیان نەهاتووەتەوە خاكی هەرێم".

بازرگانان هانا بۆ كۆڵبەران دەبەن
مستەفا كاوە یەكێكە لەو بازرگانانەی لە سنووری پێنجوێن كار دەكات و پەنای بۆ كۆڵبەر بردووە، ئەو بۆ "وشە" گوتی، "ئاشكرایە كە كاری كۆڵبەری قەدەغە كراوە و بە یاسا رێی پێ نەدراوە، زۆریش مەترسیدارە بۆ بازرگان و كۆڵبەر خۆیشی، بەڵام ئێمەیش بۆ ئەوەی زیانمان پێ نەگات و پارە و بارەكانمان لەناو نەچن، بەناچاری پەنامان بۆ كۆڵبەران بردووە".
"بۆ ئێمە هێنانەوەی بار لەڕێی كۆڵبەرەوە پارەیەكی زۆرمان لەسەر دەكەوێت، ئەوەش دواجار نرخەكانی ناو بازاڕ زیاتر دەكات و لەسەر هاووڵاتییانیش چەند بەرانبەر بەرز دەبێتەوە". كاوە بە راشكاوی وای گوت.

كۆڵبەران بە پارەیەكی زۆر كار دەكەن
كۆڵبەرانیش بۆ هێنانەوەی بارەكان، هەرچەندە گرفتی سەختی رێ و توندی سنوورەكان و هەڕەشە و تەقەی پاسدارانی پایەگا ئێرانییەكانیان لەسەرە، بەڵام وەك سەعدوڵا مەریوانی /یەكێك لە كۆڵبەرانی رۆژهەڵات و لەسەر سنووری هەرێم و ئێران كار دەكات/، گوتی "پێشتر ئێمە لە مەرزە لاوەكییەكان رۆژانە كارمان دەكرد، واتە بەر لەوەی دابخرێن، خاوەن بار و بازرگان كەرەستەی كارەبایی و بیناسازییان بە ئێمە دەگواستەوە، لە بەرانبەریشدا بڕە پارەیەكمان لێ دەسەندن".

عەبدوڵا بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە ئێستە بەشێك لە كەلوپەلەكان لەلایەن ئێرانەوە قەدەغە كراون، جارێكی تر كاریان دەست كەوتووەتەوە. بەڵام نەیشاردەوە "ئەمجارەیان جیاوازتر، كارەكەمان سەختترە، چونكە ئەو شتانەی ئێران قەدەغەی كردوون بێنە هەرێم، سنووری زۆر توندتر كۆنترۆڵ كردووە و پاسداری تێدا بڵاو كردووەتەوە و مەرزە لاوەكییەكانیش داخراون، بۆیە سەركێشی زۆرترە، بەڵام بازرگان پارەیەكی زۆرمان دەدەنێ تا شتەكانیان بۆ بێنین".

ئەو كۆڵبەرە بە نموونە روونی دەكاتەوە، "ئەگەر جاران سەلاجە یان تەلەڤزیۆنمان بهێنایە، بڕی 50 هەزار دیناری عێراقیمان وەردەگرت، بەڵام ئێستە نرخەكان دوو بەرانبەرن و ئێمەیش ئامادە نین بەنرخی پێشوو هەمان كار بكەین و گیانی خۆمان بخەینە مەترسییەوە، چونكە كاری كۆڵبەری سەختە و بە دەیان كیلۆمەتر لەسەر سنوور دەبڕین تا باری بازرگانانی هەرێم و ئێران دەگوازینەوە و بەردەوامیش مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە".

"كەرەستەی قاچاخ نرخەكانی بازاڕ و سەر خەڵكیش زیاد دەكات"
شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە ڕوو كە تا ئێستە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بەشێوەیەكی رەسمی، هیچ شتێكمان لەبارەی ئەو كەلوپەلانەی قەدەغەیان كردووە، نەگەیەنراوە تا ئێمەیش رای بگەیەنین، هەرچەندە داوایشمان لێ كردوون، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداوینەتەوە و (تەماتە، رۆن، شەكر، برنج) و هەندێك پێداویستی و بابەتی كارگەكان بەنموونە گومرگیان لەسەر زیاد كردووە.

ئاماژەی دا، "بە قەدەغەكردنی ئەو كەلوپەلانە، نرخەكانیان لە بازاڕ و لەسەر هاووڵاتییان بەرز دەبێتەوە، چونكە وەك ئاشكرایە هەر شتێك قەدەغە بكرێت، زۆر بە كەمی دێت و هەر كاتێكیش بەقاچاخ بێت، كرێ و تێچوونی زیاتر دەبێت.

ماوەی چەند مانگێكە لەلایەن ئیدارەی سەرۆك ترەمپەوە گوشارێكی زۆری ئابووریی نێودەوڵەتی خراوەتە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانیش كاریگەری بەرچاوی لەسەر كاروباری بازرگانان و سەر سنوورەكان دروست كردووە و زیانیشی لە بازرگانیی هەرێم داوە.

وشە/بەدواداچوونی- رێبین پێنجوێنی






وشە - تایبه‌ت