پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران نامێنێت.. زانیاری نوێ‌ ئاشكرا كرا

:: PM:06:12:04/11/2018 ‌
 پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند،  بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە بەشە بودجەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ڕەوانە دەكرێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەبێ پاشەكەوت مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكات .

بەیار تاهیر دۆسكی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" گوتی، كورد بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراقی كردووە و رێككەوتنی سیاسیش كراوە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق رێككەوتنەكان جێبەجێ‌ بكات لەبەرانبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك ئامادەیی پێشانداوە بۆ جێبەجێ‌ كردنی رێككەوتن.

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو رێككەوتنانەی كراوە هەركاتێك پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بكرێت پێویستە لە مانگی یەكی ساڵی نوێ جێبەجێ‌ بكرێ و پشكی هەرێمی كوردستان مانگانە رەوانە بكرێت، بەمەیش ئەوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانی بێ پاشەكەوت مووچە بداتە فەرمانبەران.

لای خۆیەوە د. ئەرشەد تەها شارەزای ئابووری و ماموستای زانكۆ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە سەرەتای ساڵی داهاتوو بە پەسەندكردنی پڕۆژ یاسای بودجەی گشتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە و حكوومەت ئەوكات دەتوانی بێ پاشەكەوت و بە تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەش بكات.

" كورد پشكیان لە وەزارەتەكان پێدراوە و لە بودجەیش بەهەمانشێوە پشكیان دەبێت بەجۆرێك وەك ساڵانی ڕابردوو نییە، بۆیە جگە لەدابین كردنی مووچەی بەتەواوی بەشێك لە بودجە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنانیش دابین دەكرێت، ئەمەیش وا دەكات دۆخی هەرێمی كوردستان زۆر باشتر بێت و تەنگژە نەمێنێت" ئەو مامۆستایەی زانكۆ وای گوت.

بەهۆی بڕینی بودجەی 17%ی كوردستان لەلایەن بەغدا و هاتنە پێشەوەی شەڕی داعش ماوەی چەند ساڵێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەنگژەی داراییدایە و مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كردووە، سەرباری ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوو هیچ پڕۆژەیەكی ستراتیجی لە كوردستان تەواو نەكراوە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم