وه‌زیرى دارایى عێراق كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى بودجه‌ ئاشكرا ده‌كات

:: PM:05:21:12/11/2018 ‌
له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى عێراق فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى عێراق هۆكارى سه‌ره‌كى كێشه‌كانى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى ئاشكرا كرد و دووپاتیى كرده‌وه‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى ئاماده‌ كراوه‌ و حكوومه‌تى نوێش تێڕوانینى جیاوازى هه‌یه‌.

 ئه‌مڕۆ له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان تاوتوێى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق كرا بۆ ساڵى 2019، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى حكوومه‌تى نوێى عێراق ئاماده‌ بوو.

فوئاد حوسێن له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران گوتى "پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى ئاماده‌ كراوه‌ و حكوومه‌تى ئێسته‌ تێروانینى ته‌واو جیاوازى بۆ بودجه‌ هه‌یه‌".
 
فوئاد حوسێن ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌ كرد، یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ حكوومه‌تى نوێ كاتێكى كه‌مى له‌به‌رده‌م ماوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا دووپاتى كرده‌وه‌ حكوومه‌ت ئاماده‌یه‌ هاوئاهه‌نگى ته‌واو له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان بكات بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت.

یه‌كێك له‌و پێكهاتانه‌ى كه‌  له‌پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ ناڕازییه‌ كورده‌، فوئاد حوسێن ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌ كرد،  حكوومه‌تى نوێ كۆمه‌ڵێك بیرۆكه‌ى له‌ باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ عێراقییه‌كان و نوێنه‌ران حكوومه‌تى هه‌رێم پێشكه‌ش كراون.

هه‌فته‌ى رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عێراق خرایه‌ كارنامه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌، ئه‌مڕۆش به‌شێكى دانیشتنى په‌رله‌مان تایبه‌ت بوو به‌ تاوتوێكردنى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌، كه‌ ناڕه‌زاییه‌كى زۆرى له‌سه‌ره‌، جگه‌ له‌ پێكهاته‌ى كورد و سوننه‌، زۆرێك له‌ پارێزگاكانى عێراقیش له‌پرۆژه‌ یاساكه‌ ناڕازیین و داوا ده‌كه‌ن گۆڕانكارى تێدا بكرێت.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل