تایوان لە هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی بازرگانی دەکاتەوە

:: PM:12:11:13/11/2018 ‌
شاندێكی ئەنجوومەنی پەرەپێدانی بازرگانی دەرەوەی تایوان، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بەمەبەستی پەرەپێدانی بازرگانی و ئاسانكاری پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی تشرینی دووەم، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، پێشوازییان لە شاندێكی وڵاتی تایوان بە سەرۆكایەتی جەیمس هوانگ سەرۆكی ئەنجوومەنی پەرەپێدانی بازرگانی دەرەوەی تایوان كرد.

ئاشكرا كراوە، ئاسانكاریكردن لە پێدانی ڤیزا بۆ بازرگانانی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی سەنتەرێكی بازرگانیی تایوان لە هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی سەرەتایە بۆ پێشخستنی سێكتەری بازرگانی لە نێوان هەردوولا، ئەوە لە گفتوگۆی نێوان شاندە هاتووەكە باسی لێوە كراوە.

جەیمس هوانگ سەرۆكی شاندەكە ئاشكرای كردووە و گوتوویەتی، ئێمە هەوڵ دەدەین وەرگرتنی ڤیزا بۆ بازرگانانی هەرێمی كوردستان ئاسان بكەین، لە هەمان كاتدا لە ساڵی داهاتوو بە شاندێكی گەورەی بازرگانی و راگەیاندنی تایوان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە بۆ ئەوەی كە من ئەو سەقامگیرییە و كەشەی لەبارەی وەبەرهێنانم بینی لە هەرێمی كوردستان، ئەوانیش لە نزیكەوە ببینن.

دواتر سۆران ئەبوبەكر جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جەیمس هوانگ یادداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژوو كرد كە چەندان بڕگەی لەخۆ گرتبوو كە ئاماژە بوون بۆ بەهێزكردن و دروستكردنی پێوەندییە بازرگانییەكان.





وشە - رامیار جەواد