پەرلەمانتارێك: پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق زیاد دەكرێت

:: PM:08:51:13/11/2018 ‌

ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكات كە چەند گۆڕانكارییەك لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2019ی عێراق بكرێت لەوانە زیادكردنی پشكی هەرێم، دووپاتی كردەوە هەفتەی داهاتوو یەكەم كۆبوونەوەی هەردوو لیژنەی حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە دێتە سازكردن.

دوای ئامادەكردنی لەلایەن حكوومەتی پێشووی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2019ی عێراق گەیشتە پەرلەمان، لەناو ناڕەزایی زۆرینەی فراكسیۆنەكان بەوەی ئەو بودجە هەمان بودجەی پارساڵە و خەرجییەكانی پڕۆگرامی حكوومەتی نوێی عێراق پڕ ناكاتەوە.   

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، هەفتەی داهاتوو یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق لەبارەی هەموواركردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق دێتە سازكردن.

زیاتر گوتی، ئەو گۆڕانكارییانەی لە پڕۆژەكەدا دەكرێت بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ وەبەرهێنان لە پارێزگا ئازادكراوەكان لە داعش و زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان و پارێزگای بەسڕە دەبێت. ئاماژەی كرد، بودجەی 2019 هیچ پلەیە دامەزراندنی تیادا نییە بەهۆی مەرجی سندووقی دراو كە نابێت فەرمانبەری زیاتر دامەزرێن و فەرمانبەری زیادیش هەن.

لای خۆیەوە زەهرە حەمزە، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بینا دووپاتی كردەوە كە پەرلەمان بەنیازە نرخی خەمڵێندراوی بەرملێك نەوت لە بودجەی 2019 لە 56 دۆلار زیاتر بكات، (تا كەمتر لە 70 دۆلار)، بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی بۆ دامەزراندن و نەهێشتنی بێكاری لە وڵات. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل