بودجه‌ى 2019 كه ئێسته له په‌رله‌مانه و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ حكوومه‌تی له‌سه‌ره، عادل عه‌بدولمه‌هدی لیسته‌كانی په‌رله‌مان سه‌رپشك ده‌كات له هه‌ر ده‌ستكارییه‌ك به مه‌رجی نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی، پێوه‌ند به كوردیش بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی پێ داون له‌سه‌ر تێبینییه‌كان. بۆیه په‌رله‌مانتاره كورده‌كان چوار داواكارییان داوه‌ته شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
بودجه‌ى 2019ی عێراق، میراته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو كه هه‌موو لیسته‌كانی ناو په‌رله‌مان لێی ناڕازین و هه‌وڵی ناردنه‌وه‌ی بۆ حكوومه‌ت ده‌ده‌ن. نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌یه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان كراوه، تا ئێسته لیسته‌كانی ناو په‌رله‌مان كۆده‌نگ نین له‌وه‌ى بیخه‌نه كارنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان یان بیگه‌ڕێننه‌وه.
عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یه‌وێ به هه‌ر جۆرێك بێت بودجه نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌ت، نایه‌وێ سه‌رئێشه‌ى بودجه ببێت به ته‌گه‌ره‌یه‌كی تری به‌رده‌م حكوومه‌ته له‌رزۆكه‌كه‌ی كه هێشتا پێى نه‌گرتووه.
پێوه‌ند به پشكی هه‌رێمی كوردستان كه لیسته كوردستانییه‌كان پێی رازی نین، له‌سه‌ر داواى ئه‌وان شاندێكی وه‌زاره‌تى دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كردووه بۆ تێگه‌یشتن له روانگه‌ى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بودجه.
جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتاری كورد له لیژنه‌ى دارایی، به"وشه" ده‌ڵێ، شانده‌كه له‌سه‌ر داوای ئه‌وان سه‌ردانی به‌غداى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى بزانن بۆچوونی حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بودجه چییه.
به‌گوته‌ی كۆچه‌ر، "له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه ده‌مانه‌وێ تێ بگه‌ین هه‌رێمی كوردستان گرنگی به بودجه ده‌دات یان نا؟ چونكه بودجه جیا له‌وه‌ی پرسێكی دارایی و ئابوورییه، به پله‌ى یه‌كه‌م پرسێكی سیاسییه و پابه‌ندی سیاسی و دارایی تێدایه، به‌تایبه‌ت به‌رانبه‌ر به هه‌رێم له پرسی رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وت".
په‌رله‌مانتارانی كوردستانی له لیژنه‌ی دارایی چه‌ند پرسیارێك له شانده كوردییه‌كه ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامن، له‌وانه ده‌یانه‌وێ تێ بگه‌ن هه‌رێم به‌و بودجه‌یه رازییه یان نا؟ پابه‌ند ده‌بن به رێككه‌وتن له‌سه‌ر نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا؟ داواكاری هه‌رێمی كوردستان چییه له‌سه‌ر بودجه و به‌رانبه‌ر به پشكی كوردستان چی لێ بكرێت؟
په‌رله‌مانتاره كورده‌كه ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان شاندێكی سیاسیی گه‌وره ره‌وانه‌ى به‌غدا بكات، تا له‌سه‌ر بودجه له دیوه سیاسییه‌كه‌وه رێككه‌وتن بكرێت له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ركرده‌ى لیسته گه‌وره‌كان، چونكه وه‌ك په‌رله‌مانتار هه‌رچی بخه‌ینه ناو بودجه، به‌های نابێت و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌توانێ به تانه‌لێدان هه‌مووی ره‌ت بكاته‌وه، بۆیه گرنگه رێككه‌وتنی سیاسیی له‌سه‌ر بكرێت.
ئه‌وه‌یشی گوت "شاندی كوردستانی تێبینی خۆیان له دیوه یاسایی و داراییه‌كه له‌سه‌ر بودجه نووسیبوو، دیاربوو خوێندنه‌وه‌ی قووڵیان بۆ بودجه‌ى 2019ى عێراق كردبوو، ئێمه‌ش له كۆبوونه‌وه‌كه تێبینی و نه‌خشه‌ڕێى خۆمان به شانده‌كه داوه".
زیاتر گوتى "بۆ پرسی بودجه باشترین كار كه بكرێت، دروستكردنى لیژنه‌یه‌كی یاسایی و دارایی هاوبه‌شی هه‌میشه‌ییه له نێوان په‌رله‌مانتارانی كوردی لیژنه‌ى دارایی و وه‌زیری دارایی عێراق كه كورده، وه‌زاره‌تى دارایی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان، چونكه پرسی بودجه پرسێكی به‌رده‌وامه كه نووسینه‌وه‌ی بودجه‌ى ساڵانه له مانگی ئایار ده‌ست پێ ده‌كات تا مانگی كانوونی یه‌كه‌م به‌رده‌وامی ده‌بێت، جگه له‌وه‌ی مانگه‌كانی تریش ده‌بێت به‌دواداچوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى بكرێت، بۆیه گرنگه ئه‌و لیژنه‌یه پێك بهێنرێت و حكوومه‌تی هه‌رێم به قورسایی خۆی بێته سه‌ر خه‌ت تا بتوانین گۆڕانكاری له هاوكێشه‌كه‌دا بكه‌ین".
به‌ڵام ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید په‌رله‌مانتاری كوردستان له لیژنه‌ى دارایی عێراق, ئاشكرای ده‌كات، ته‌نانه‌ت به‌پێى ژماره‌ى دانیشتووانی عێراق كه ده‌سته‌ى ئامار رای گه‌یاندووه، دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان پێنج ملیۆن و 309 هه‌زار و 592 كه‌سه له كۆی 38 ملیۆن 124 هه‌زار و 182 كه‌س، كه‌واته پشكی كوردستان له بودجه ده‌كاته 13.927%، نه‌ك 12.67%، به‌مه‌ش به‌شی كوردستان زیاتر له 10 ترلیۆن دینار ده‌كات و 900 ملیار دینار بۆ كوردستان زیاد ده‌كات.
ئه‌و به"وشه" ده‌ڵێ، دیاره حكوومه‌تی عێراق له گۆتره پشكی كوردستانی به 12.67% داناوه، بۆیه داوا ده‌كات شاندی كوردستانی له‌و خاڵه‌وه دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن.
حاجی ره‌شید زیاتر گوتى "ده‌بێ شاندی كوردستان به داتای ورد بچنه ناو دانوستاندن و ئاماده‌م ته‌واوی به‌ڵگه و دیكۆمێنته‌كان بخه‌مه خزمه‌ت شانده‌كه".
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه 80%ی په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون بودجه بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌ت، به‌ڵام سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌یگه‌ڕانده‌وه، هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه بڕیاره عادل عه‌بدولمه‌هدی نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى په‌رله‌مان بكات كه ده‌ستكراوه‌یان بكات له گۆڕانكاری له بودجه‌دا.
"سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یه‌وێ به دۆسته‌كانی بڵێت هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له بودجه‌دا هه‌یه، ئه‌و به‌رپرس نییه و حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ئاماده‌ی كردووه، جگه له‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه بۆ حكوومه‌ت ده‌بێت یان كورد رازی بێت له‌سه‌ر رێژه‌ى 12.67% یاخۆ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، له هه‌ردوو باردا دژواره و عادل عه‌بدولمه‌هدیش ئیحراج ده‌بێت و له‌گه‌ڵ كورد تێك ده‌گیرێن". حاجی وا ده‌ڵێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه واته دواكه‌وتنی بۆ فه‌سڵی ته‌شریعی داهاتوو، ئه‌مه‌ش شكستی حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ده‌بێت، هاوكات هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له یاسای بودجه‌دا هه‌ندێك هێزی سیاسی ئیراده‌ی خۆیان ده‌سه‌پێنن و ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی نییه.
جه‌مال كۆچه‌ر ئاشكرای ده‌كات كه ئه‌مساڵ ئه‌سته‌مه بودجه بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌ت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى زیاتر بێت بۆ كوردستان، ده‌بێ دوو ئیشی سه‌ره‌كی هه‌یه ئه‌نجام بدرێت.
"یه‌كه‌میان توێژینه‌وه‌یه‌كی وردی بودجه بكرێت كه چۆن و له كوێ ده‌توانرێ پاره‌ى زیاتر بۆ كوردستان دابین بكرێت به رێى ده‌ستوور و یاسا و رێككه‌وتنی سیاسی. رێى دووه‌م گۆڕینی شێوازی داڕشتنی بودجه به‌و چوارچێوه‌یه‌ی ئێسته هه‌یه" كۆچه‌ر وای گوت.