نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:09:35:15/11/2018 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا كەمێك هەڵكشا دوای ئەوەی بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی هەشت مانگی رابردوو دابەزی. بەیانی دوێنێ چوارشەم نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی بۆ 65 دۆلار و 20 سەنت دابەزی، بەڵام ئێستە بە 66 دۆلار دەفرۆشرێت.

پێویستە بگوترێت دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی تووشی سەرسوڕمان كردووە و سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك میكانیزمیان بۆ رێگریكردن لە دابەزیی نرخی نەوت دانا، كەچی نرخەكە زۆر دابەزی. لە ماوەی مانگ و نیوی رابردوو سەرووی 22 دۆلار لە نرخی نەوت دابەزی كە بە رێژە دەكاتە 25%،.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریكیش كە بۆ 55 دۆلار دابەزیبوو و ئێستە بە 56 دۆلار دەفرۆشرێت. سعوودیە بڕیاری داوە لە مانگی داهاتووەوە رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل لە هەناردەی نەوت كەم بكاتەوە، پێ دەچێت پێویست بكات دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت زۆر لەم بڕە زیاتر بێت و وڵاتانی تریش هانای بۆ بەرن تا رێگری لە دابەزینی نرخی نەوت بكەن.

جگە لە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەمەریكا و ئەو دەرفەتەی ئەمەریكا بە هەندێك وڵاتی داوە نەوتی ئێران بكڕن، یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشبینی دەكرێ ئاستی داخوازی بۆ سەر نەوتی دنیا كەم ببێتەوە و پێشتر پێشبینی دەكرا ساڵی داهاتوو ئاستی داخوازی بە بڕی ملیۆنێك و 290 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە، بەڵام پێشبینییەكە 70 هەزار بەرمیل كەمتر بووەتەوە.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە كەمبوونەوە كردووە كە دوای دەستپێكردنی سزاكان دژی ئێران كە لە پێنجی ئەم مانگە دەستی پێ كرد، پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكرا.

سیاسەتی ئەمەریكا ئەوەیە لە لایەك نرخی نەوت نزم بكاتەوە و لە لایەكی تریش رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە لەو كاتەدا كاریگەریی سزاكان زیاتر دەبن.



وشە - سلێمان تاشان