قازی بولغاری لە كوردستان قیڕەی دێ

:: AM:08:57:18/11/2018 ‌

كاتێك سەردانی هەریەك لە بازاڕی ژێر پردەكەی سلێمانی و بازاڕی سەیداوەی هەولێر دەكەیت، بۆت ڕوون دەبێتەوە بەشێك لەو پەلەوەرانەی بۆ خواردن یان بەخێوكردن مامەڵەیان پێوە دەكرێت، سەرنجی كڕیاران رادەكێشن و ئاڵووێریان پێ دەكرێت. لە هەولێر قازی بولغاری بەتەواوی سەرنجی كڕیارانی ڕاكێشاوە و لە بازاڕ بەنرخێكی خەیاڵی دەیفرۆشن.

سیداد كانەبی فرۆشیارێكی بازاڕی پەلەوەری هەولێر ئەوە دەخاتە ڕوو كە ئێستە قازی بولغاری بازاڕی پەیدا كردووە و كڕین و فرۆشتنی لە هەموو شتێك زیاترە. وەك ئەو دەڵێ "كیلۆ هەشت هەزار دەكات و بەبێ‌ كێشانیش فرۆشتنی هیچ قازێك لە 70 هەزار دینار كەمتر نییە".

ئەو فرۆشیارە بۆ "وشە" گوتی، "لە بازاڕەكانی كوردستان بەهۆی بوونی كێشی زۆر و بەرهەمهێنانی هێلكەی زۆر لەلایەن ئەو قازانە بە بەراورد بە قازی خۆمان، وایكردووە كڕین و فرۆشتنی زیاتر پێ‌ بكرێت و نرخەكەیشی چوار هێندەی نرخی قازی خۆماڵییە".

ئاشكرای كرد، ئێستە بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زستان، یەك قازی بولغاری 90 هەزار دینار دەكات و مانگێكی تر دەگات بە 100 هەزار دینار. هۆكاری گرانییەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی "زستان وەرزی دەست پێكردنی هێلكە و كاتی كڕكەوتنی ئەو قازانەیە".\]

"هەر قازێكی بولغاری نزیك لە 10 كیلۆیە و 74 هێلكە لە هەر وەرزێكدا دەكات، بە بەراورد بە قازی كوردی كە 25 هێلكە دەكات و كێشی شەش كیلۆ دەبێت، وایكردووە كڕیاری زۆر بێت و بازاڕی خۆش بێت، جیا لەوانە زستانان خواردنی قاز و خۆشە و ئەوەش هۆكارێكی ترە بۆ گرانی نرخەكەی" ئەو فرۆشیارە وای گوت.

لە بەرانبەردا سەرۆكی ئەنجوومەن باڵای پەلەوەر ئاماژە بەوە دەكات كە كێشەیان نییە لە بەرهەمهێنانی ئەو پەلەوەرانە، بەڵكو كێشە لە ساغكردنەوەی ئەو جۆرە پەلەوەرانەیە لە بازاڕەكاندا.

حەیدەر فەرحان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، هۆڵەكانی بەرهەمهێنانی پەلەوەر لە كوردستان توانای بەرهەمهێنانی سەرجەم جۆرەكانی پەلەوەریان هەیە. هەر بەرهەمێك لە بازاڕ فرۆشی هەبێت، ئێمە دەتوانین بەرهەمی بێنین و بیخەینە بازاڕ، بەڵام كێشەی جووتیارانی ئێمە لەوەدایە كە ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان ئەگەر ناوخۆیی بن تۆزێك ئەستەم بووە".

لەبارەی هۆكاری ئەو كێشەیە، فەرحان ئەوە دەخاتە روو كە ئێستە كێڵگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی عەلەشیش هەیە، بەڵام جاری وا هەیە هەفتەیەك پێویستە بۆ ساغكردنەوە یەك هۆڵ لەو عەلەشیشانە لە بازاڕەكانی كوردستان، بۆیە كێشە لە بەرهەمهێنان نییە، كێشە لە ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆدا هەیە.

زریان حاجی عوسمان پزیشكی بواری پەلەوەر، روونی دەكاتەوە كە قاز كوتینی كەمە، تا پێگەیشتنی تەنیا دووجار دەكوترێ، بۆیە ئێستە خەڵكێكی زۆر ڕوویان لە بەخێوكردنی كردووە، واتە ئەركی كەمە لەكاتی بەخێوكردندا.

ئەو پزیشكە بۆ "وشە" دەڵێ، "قازی بولغاری بە پێچەوانەی قازی كوردی یەكجار كوتینی بۆ دەكرێ، ئەویش كوتینی شەش مانگی یەكەمە، دواتر كوتینی ناوێت و ئەوەی دەمێنێتـەوە تەنیا پێدانی خۆراكی پێویستە".

"پەلەوەری كوردستان بە زۆری لە وەرزی پایز تووشی دەرد و ئافات دێن و مردار دەبنەوە، بەڵام پێچەوانەی هەموو پەلەوەرەكان، قاز ئەو دەردەی تووش نابێت و كاریگەری لەسەر نابێت، بۆیە ئەوەیش ڕەواجی زیاتر كردووە جا چ قازی كوردی بێت یان بولغاری" ئەمە قسەی پزیشكەكەیە.

ئاماژەی بە رۆڵی خۆیان دا لە گەشەكردنی پەلەوەر و گوتی، كوتینی قاز ئەگەر بە كۆمەڵ بێت، بۆ نموونە 100 قاز بڕی 30 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر كەم بێت بڕی هەزار دینار بۆ هەر قازێك وەردەگیرێت، ئەوەیش یارمەتیدەریان دەبێت بۆ گەشەكردن و پاراستن، زۆرجار یەك قاز هەبووە كێشی گەیشتووەتە سەرووی 16 كیلۆ، ئەوەیش كێشێكی زۆرباشە.



وشە - رامیار جەواد