لە هەولێر نرخی یەک کیلۆ گۆشتى سوور بە چوار هەزار دینارە

:: PM:08:17:21/12/2016 ‌
پڕۆژەیەکى بەخێوکردنى ئاژەڵ لە هەرێمى کوردستان، کیلۆى گۆشتى سوور بە چوار هەزار دینار بە کڕیاران دەفڕۆشێت زۆربەى بەرهەمەکەشى گۆشتى گۆلک و جوانەگا و گامێشە.

کێڵگەیەکى بەخێوکردنى سامانى ئاژەڵ لە شارى هەولێر، کیلۆى گۆشتى سوور بە فڕۆشیارانى گۆشت بە چوار هەزار دینار دەدات، ئەم پڕۆژەیە هەشت هەزار جوانەگا و گۆلک و گامێش لەخۆ دەگرێت.

نزار سەعدوون خاوەنى پڕۆژەکە بۆ ڕاگەیاندنەکان دەڵێت کە فرۆشیارانى گۆشت ڕۆژانە ڕوو لە پڕۆژەکەى دەکەن و نزیکەى 50 سەر ئاژەڵ دەفرۆشێت بەنرخى چوار هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک گۆشت.

لەبارەى تەندروستبوونى ئاژەڵەکان خاوەنى پڕۆژەى "جمکە" دەڵآ، لە ڕووى تەندروستییەوە هەماهەنگى تەواویان لەگەڵ پزیشکانى ڤێتێرنەرى و سامانى ئاژەڵى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو هەیە.

لاى خۆیەوە عەبدولسەتار مەجید وەزیرى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان دەستخۆشى لە خاوەنى پڕۆژەکە کرد بۆ وەبەرهێنان لە سامانى ئاژەڵ و گرنگیدان بە کەرتى تایبەت.

پڕۆژەى کێڵگەى "جمکە" دەکەوێتە سەر ڕێگەى هەولێر گوێڕ و ئەو پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەرى 14 کیلۆمەتر سێجا دروست کراوە و وەبەرهێنان لەبوارى سامانى ئاژەڵ دەکات و ئێستەش هەشت هەزار گۆلک و گامێش و جوانەگا لەخۆ دەگرێت.


وشە - رامیار جەواد