له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌می سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران، كۆمپانیا گه‌وره‌كانی گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی له نێوان هه‌رێم و ئێران كاره‌كانیان راگرتووه، هاوكات وه‌رزی سه‌رما خواستی له‌سه‌ر پێداویستی بازاڕی هه‌رێم بۆ سووته‌مه‌نی زیاتر كردووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی قاچاخچێتی سووته‌مه‌نی ده‌ست پێ بكاته‌وه.
هێمن محه‌مه‌د یه‌كێكه له‌و هاووڵاتییانه‌ی سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن كه به قاچاخ سووته‌مه‌نی هاورده ده‌كات، ئه‌و به"وشه"ی راگه‌یاند، له‌رێی مه‌رزه لاوه‌كییه‌كانه‌وه سووته‌مه‌نی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و له بازاڕه‌كانی هه‌رێم ده‌یفرۆشنه‌وه، زۆربه‌ی كاتیش راسته‌وخۆ به هاووڵاتییانی ده‌فرۆشن كه بۆ پێداویستی ناوماڵ ده‌یكڕن.
وه‌ك هێمن ده‌ڵێ "به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاورده‌كردنی سووته‌مه‌نی قاچاخه، بۆیه ته‌نیا به شه‌وان ده‌توانن هاورده‌ی بكه‌ن، به پشتی كه‌ر و ئه‌سپ ده‌هێنرێته سه‌ر مه‌رزه‌كان و له‌وێشه‌وه به ئۆتۆمبێل باری ده‌كه‌ن و بۆ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌گوازنه‌وه".
ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ئه‌و جۆرانه‌ی سووته‌مه‌نی كه هاورده ده‌كرێن زیاتر نه‌وت و به‌نزینن، چونكه لێره نرخه‌كانیان زۆر به‌رزه و به‌تایبه‌ت له‌م وه‌رزه‌دا كه وه‌رزی سه‌رمایه و له زۆر له شاره‌كان نه‌وت دابه‌ش نه‌كراوه، خواستێكی زۆر له‌سه‌ر نه‌وتی سپی هه‌یه.
به‌ختیار مسته‌فا كه له مه‌ریوانه‌وه بۆ پێنجوێن سووته‌مه‌نی ده‌گوازێته‌وه، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه به‌هۆی نه‌بوونی سووته‌مه‌نی و هاتنی وه‌زری سه‌رما، خواستێكی زۆر له‌سه‌ر نه‌وتی سپی، بۆیه شه‌وان زیاتر له هه‌زار و 500 ده‌به نه‌وت و به‌نزین له سنووری پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری هاورده ده‌كرێت.
به‌گوته‌ی به‌ختیار "به‌نزینی ئێرانی زۆرباشه و كوالێتی به‌رزه، ئێمه ده‌یفرۆشینه‌وه به به‌نزینخانه و دووكانه‌كانی فرۆشتنی سووته‌مه‌نی، چونكه له‌لایه‌ن شۆفێرانه‌وه خواستی زۆر له‌سه‌ره و زۆربه‌ی شۆفێرانی سنووره‌كه‌یش دێنه مه‌رزی باشماخ و سه‌یرانبه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌نزین بكه‌نه ناو ئۆتۆمبێله‌كانیان".
به‌گوته‌ی ئه‌م كاسبكاره، هاورده‌كردنی سووته‌مه‌نی به‌شێوه‌ی قاچاخ كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی به‌نزین و نه‌وت له بازاڕه‌كانی كوردستان، چونكه ده‌بێته هۆی دروستكردنی كێبه‌ركێ، بازرگانانی هه‌رێم ناچار ده‌بن نرخی سووته‌مه‌نی دابه‌زێنن.
لای خۆیانه‌وه به‌شێك له كۆمپانیاكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێنانی سووته‌مه‌نی په‌نایان بۆ مه‌رزه‌كانی خوارووی عێراق و به‌نده‌ره‌كانی باشوور بردووه.
ئه‌میر كه‌ریم خاوه‌نی نووسینگه‌ی بازرگانی له مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، بۆ "وشه" رای گه‌یاند، هه‌ر كاتێك له ئێرانه‌وه هاورده‌كردنی سووته‌مه‌نی بۆ هه‌رێم رابگیرێت، ده‌كرێ په‌نا ببرێت بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی نزیكی عێراق، به‌تایبه‌تی كوێت و ئوردن بۆ جێگره‌وه‌ی سووته‌مه‌نی ئێران، به‌ڵام به‌هۆی دووری سنووریان له كوردستان و بوونی چه‌ندان بازگه‌ی سوپای عێراق و مانه‌وه‌ی مه‌ترسی تیرۆر، ئه‌و كاره بۆ قۆناغی ئێسته تا ئاستێك ئه‌سته‌مه.
له‌باره‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی په‌نایان بردووه‌ته باشووری عێراق بۆ هێنانی سووته‌مه‌نی ئێران، ئه‌میر كه‌ریم ورده‌كاری خسته ڕوو به‌وه‌ی "كاتێك له ئێرانه‌وه سووته‌مه‌نی دێته كڕین، به‌پێی گرێبه‌ستی نێوان كۆمپانیاكانی هه‌رێم و ئێران، له به‌نده‌ری ئوم قه‌سر سووته‌مه‌نییه‌كه‌یان له‌رێی كه‌شتییه‌وه بۆ ده‌هێنرێت، دواتریش ئه‌وان له‌رێی تانكه‌ره‌وه ده‌یگوازنه‌وه ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان".
"هه‌رچه‌نده ئه‌و كاره كاتی پێویسته، به‌ڵام هێشتا له سوودی كۆمپانیاكانه و له‌رووی داراییه‌وه قازانج ده‌كه‌ن" ئه‌میر كه‌ریم وای گوت.
هاوكات شاخه‌وان به‌كر به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "ماوه‌یه‌كه به‌شێك له كۆمپانیا گه‌وره‌كان وه‌ك قه‌یوان و كار كه پشكیان له بۆرسه هه‌یه له بازرگانی سووته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی ئێران، كشاونه‌ته‌وه، چونكه له بواری گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی و حه‌واڵه‌كردن، كێشه‌یان بۆ دروست ده‌بێت".
ئه‌و روونی كرده‌وه، "ئه‌و كۆمپانیایانه له ترسی سزاكانی سه‌ر ئێران به ناچاری په‌نایان بۆ به‌نده‌ری ئوم قه‌سری خوارووی عێراق بردووه، رۆژانه له‌وێوه سووته‌مه‌نی هاورده‌ی عێراق ده‌كه‌ن و ده‌یگوازنه‌وه هه‌رێم، هه‌رچه‌نده هاورده‌كردنی سووته‌مه‌نی له‌رێی مه‌رزه فه‌رمییه‌كانه‌وه تا ئێسته به‌رده‌وامه، چه‌ند كۆمپانیایه‌كی رێپێدراو هه‌ن و پشكنین بۆ ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ش ده‌كرێت".
ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی كه له ئێرانه‌وه له‌رێی مه‌رزی باشماخه‌وه دێته هه‌رێم، نه‌وتی سپی و گاز و به‌نزینه، به‌ڵام رێژه‌كه‌ی نازانرێت، چونكه رۆژی وا هه‌یه 10 تانكه‌ر دێت و رۆژیش هه‌یه 30 بۆ 40 تانكه‌ر دێته هه‌رێم، به‌ڵام ئاگاداری مه‌رزه لاوه‌كییه‌كان نین كه به قاچاخ هاورده بكرێت یان نا.
هاوكات مه‌هدی مه‌حموود سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، به‌قاچاخ هاورده‌كردنی سووته‌مه‌نی یا هه‌ر شتێكی تر رێ پێنه‌دراوه، به‌پێی یاسا ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه مامه‌ڵه‌ی توندیان له‌گه‌ڵ بكرێت و بگیرێن.
به‌گوته‌ی مه‌حموود "پاسه‌وانی سنوور و هێزی ته‌ناهی سنووره‌كان ده‌بێت رێگری بكه‌ن له‌و حاڵه‌تانه".
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد كه به‌پێی یاسا چه‌ند كۆمپانیایه‌ك رێ پێدراون بۆ ئه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی هاورده‌ی هه‌رێم بكه‌ن له‌رێی مه‌رزه فه‌رمییه‌كانه‌وه به‌شێوه‌ی یاسایی و چاودێریكردنی ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ش كه دێته هه‌رێم، ده‌بێ پشكنینی بۆ بكرێت، ئه‌گه‌ر پشكنینی بۆ كرا ئه‌وكات رێی پێ بدرێت بێته هه‌رێم.
شارۆكه‌ی پێنجوێن، نزیكه‌ی 96 كیلۆمه‌تر له شاری سلێمانیه‌وه دووره و هاوسنووره له‌گه‌ڵ به‌شێك له شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خاوه‌نی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخه كه شه‌ش كیلۆمه‌تر له پێنجوێنه‌وه دووره و رۆژانه كاروباری بازرگانی و گه‌شتیاری لێوه ئه‌نجام ده‌درێت.