نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:09:50:19/01/2019 ‌


دوێنێ هەینی لە دوایین رۆژی هەفتەبازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت هەڵكشا و بەمەش بۆ سێیەم هەفتەی لەدوای یەك نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار كرد.

سەرلەبەیانی رۆژی هەینی نرخی بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە  61 دۆلار و 15 سەنت، بەڵام لە كۆتایی رۆژەكە بە 62 دۆلار و 50 سەنت داخرا و دۆلارێك و 35 سەنت لە بەهاكەی بەرز بووەوە.

لە ماوەی هەفتەكەشدا لە 60 دۆلار و 50 سەنتەوە بۆ 52 دۆلار و 60 سەنت هەڵكشاوە. بە گشتی لە 19 رۆژی رابردووی ساڵی نوێ جگە لە چوار رۆژ كە نرخی نەوت دابەزی هەموو رۆژێك بەهای ئەو بەرهەمە لە بەرزبوونەوەدا بووە.

بەگوێرەی "dailyfx"  دوێنێ هەینی نرخی نەوتی ئەمەریكیش لە 51 دۆلار و 20 سەنتەوە بۆ 52 دۆلار و 80 سەنت هەڵكشا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا جێی نیگەرانی ئەمەریكایە و ئەو وڵاتە كە سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و دەیەوێ رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات، تاكە رێ كە بەهۆیەوە بتوانێت نرخی نەوت دابەزێنێت، ئەوەیە لە داهاتوودا رێ بە هەندێك وڵات بدات نەوتی ئێران بكڕن و بەمەش هاوسەنگی بۆ بازاڕەكە بگەڕێنێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان