پشكی كورد لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی عێراق دەگاتە 500 ملیار دینار

:: PM:11:19:19/01/2019 ‌

ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت, نزیكەی پێنج تریلیۆن دینار لە بودجەی وەزارەتەكانی عێراق دەخرێتە سەر بودجەی پارێزگاكان و خەرج دەكرێت و بەشێكی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.

جەمال كۆچەر, ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند, لیژنەی دارایی بۆ ئەوەی بڕە پارەیەك وەك بودجەی پارێزگاكان تەرخان بكات و دەستی ئیش بكەوێتەوە كار لە دوای ئەوەی سێ ساڵ شەڕی داعش هەبوو كە ئەمە یەكەم ساڵی بودجە پەسەند دەكرێت، بۆیە گرنگ بوو بودجەی پارێزگاكان دابین بكرێت.

زیاتر گوتی, لیژنەی دارایی لە بودجەی وەزارەتەكان كە وەزارەتەكانی ناوخۆ و كارەبا و بەرگری و نەوت دەگرێتەوە، بڕێك پارە لە بانكی نێودەوڵەتی كە دەگاتە نزیكەی پێنج تریلیۆن دینار، كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی وەك بودجەی پارێزگاكان خەرج بكرێت.

كۆچەر روونی كردەوە، بەپێی ئەو بڕەی كە كۆ كراوەتەوە, پشكی كورد لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان ئەگەر تەرخان كرا بەپێی رێژەی 12.67%ی  ئێستە، دەگاتە 500 ملیار دینار بۆ هەر سێ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

لە بارەی تەواوكردنی بودجە كۆچەر گوتی, لیژنەی دارایی كارەكانی بەرەو تەواوبوون دەڕوات و ئەگەری هەیە تا پێنجشەم بخرێتە دەنگدانەوە و ئەگەرچی تا ئێستە پشكی كورد دیار نییە, بەڵام وەك كورد پێمان راگەیاندوون كە بەو پشكە رازی نابین و دەبێت زیاد بكرێت، چونكە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان بێت كوردستان دەبێت لە سەرووی 13 تریلیۆن دینارەوە بێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل