كاری بازرگانی لە مەرزی باشماخ راگیرا

:: PM:07:22:22/01/2019 ‌
لەبەرانبەر وەرگرتنی بڕی 50 دۆلار لە هەر شۆفێرێكی هەرێم بەناوی پارەی مەنەفێست و نەمانی بڕیارەكە لەدیوی ئێران، بە سەتان شۆفێر لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ مانیان گرتووە و كاروباری بازرگانیان پەكخستووە.

عەتا كەمال خاوەنی نووسینگەی بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی وەرگرتنی بڕی 50 دۆلار وەك پارەی مەنەفێست لە هەر شۆفێرێكی هەرێم كە لە ئێرانەوە باری پێیە و دێتە ناو مەرزی باشماخی هەرێم، بە سەتان شۆفێری هەرێم مانیان گرتووە و كار ناكەن.

زیاتر گوتی، پێشتر هەر ئوتومێبێلێكی بارهەڵگر لە ئێرانەوە هاتبوایە ئەو بڕە پارەیەی لێوەر دەگیرا، بەڵام ئێستە لەلایەن ئێرانیەكانەوە ئەو پارەیە لابراوە و لەهەرێمیش هێشتا كاری پێدەكرێت و بەو هۆیەشەوە ئەگەر ئۆتۆمبێلێك بێتە مەرزی باشماخی هەرێم تا ئەو پارەیە نەدات لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخەوە كاری بۆ ناكرێت.

روونیشی كردەوە كە وەستانی كاری ئەو بارهەڵگرانە كاریگەری خراپ لەسەر جووڵە و كاری بازرگانی جێدەهێڵێت و پێویستە بەزووترین كات چارەسەری ئەو گرفتە بكرێت.

"وشە" پێوەندی بە شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كرد و رای گەیاند، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە لە كۆبوونەوەدان.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لەشارۆكەی پینجوێنەوە دوورە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەرێم و ئێران لێوە ئەنجام دەدرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم