ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پڕۆژە گرنگەکەی پەسند کرد

:: PM:02:14:28/12/2016 ‌

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر چەند خولەکێک لەمەوبەر پڕۆژەیەکی گرنگی پەسند کرد کە بە قازانجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە و ماوەتەوە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسند بکرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.

ئەگەر حكوومەتیش پڕۆژەکە پەسەند بكات، ئەوا بارێكی قەرز لەسەرشانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كەم دەبێتەوە.

غازی عەلی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ "وشە" باسی لەوە کرد کە پڕۆژەکە بە کۆی دەنگ پەسند کراوە و سەرجەم فڕاکسیۆنەکان دەنگیان پێداوە و کار بۆ ئەوە دەکەن پڕۆژەکە لە سەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت.
 
ئەو باسی لەوە کرد کە بەگوێرەی پڕۆژەكە، فەرمانبەران و مووچەخۆران دەتوانن لەو پارەیەی حكوومەت كە بۆی پاشەكەوت كردوون بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان سوود وەربگرن.

ژیان ئاغا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی زەرد پێشتر بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، ئەمە پێشنیاری دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بووە و سەرۆكی ئەنجوومەنیش خستوویەتە بەرنامەی كار. 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ٢٠ تا ٧٥%ی مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كردووە و دیار نییە كەی توانای دارایی حكوومەت بەرز دەبێتەوە تا قەرزەكە بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە. بەو پڕۆژە نوێیەی پارێزگای هەولێر دەتوانرێت پارەی ئاو‌، كارەبا‌، سزاكانی هاتوچۆ ‌و هەموو جۆرە قەرزێكی حكوومەت بدرێتەوە.

عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەر لە کۆبوونەوەکە باسی لەوە كرد كە فەرمانبەر كاتێك دەتوانێت قەرزەكان بداتەوە كە دۆكیۆمێنتی قەرزەكانی وەك ئاو و كارەبای ماڵەكە لەسەر ناوی خۆی بێت، كە لەو كاتەدا پشتگیرییەك لە پاشەكەوتی مووچەكە لە فەرمانگەكەی وەردەگرێت و بەو ژمارە حیسابەی لای فەرمانبەرەكە هەیە قەرزی كارەبا و ئاو و چەندان قەرزی تری حكوومەت دەداتەوە. هاوكات كەسێكی كرێچیش كە فەرمانبەرە و خانووەكە بە ناوی خۆی نییە، دەتوانێت بۆ پێدانی پارەی ئاو و كارەبا رێوشوێنی یاسایی تایبەت بەخۆی بۆ وەگیرێت و لە گەڕاندنەوەی ئەو جۆرە قەرز سوودمەند بێت.

ئەو گوتبووی ئەو چەكەی لە پارەی پاشەكەوتكراو لای فەرمانبەرانە، نابێت لە بازاڕ كڕین و فرۆشتنی پێ بكرێت یان لە كۆمپانیاكان بەكار بهێنرێت. ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پڕۆژەكەی بۆ حكوومەت دەنێرێت تا پەسەند بكرێت و هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.

هەولێر/رامیار جەواد
پێداچوونەوە:سلێمان تاشان





وشە - سلێمان تاشان