"وشە" ناوی ئەو بەنزینخانانە ئاشكرا دەكات بەبێ‌ پشكنین بەنزین دەفرۆشن

:: AM:10:00:15/10/2016 ‌
تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناوی ئەو بەنزینخانانە ئاشكرا دەكات كە بەنزینەكەیان لە پشكنین دەرناچێت یان ئەو بەنزینخانانەی پابەند نین بە رێنوێنییەكانی وەزارەتەكە و بەبێ‌ پشكنین بەنزین دەفرۆشن.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تاقیگەی ناوەندی لە رێگەی تیمێكی گەڕۆك پشكنین بۆ جۆر و كوالێتی بەنزین لە بەنزینخانەكاندا دەكات و لەو پشكنینەدا كار بە چەند پێوەرێكی جیاجیا دەكرێت كە بۆ پشكنینی جۆرەكانی بەنزینی نۆڕماڵ، موحەسەن و سوپەر دیاری كراوە.

بەگوتەی سەرچاوەكە، هەموو ئەو بەنزینخانانەی كە بەنزینی خراپ و كوالێتی نزم دەفرۆشن، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە راستەوخۆ سزا دەدرێن.

بەگوێرەی چەند نووسراوێكی تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە ماوەی رابردوودا هەریەك لە بەنزینخانەی گەل، بەنزیخانەی دۆلفین، بەنزینخانەی كوردستان، بەنزینخانەی كریستاڵ و بەنزینخانەی كەركووك مۆبایل، بەهۆی خراپیی كوالێتی بەنزینەكەیانەوە، لەلایەن وەزارەتەكەوە سزا دراون.

نووسراوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان روونی دەكەنەوە كە تێچووی پشكنینی بەنزین بۆ هەر بەنزینخانەیەك، بڕی 50 هەزار دینارە و لە ئەستۆی خاوەن بەنزینخانەكەیە.

تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە 13ی تشرینی یەكەمی 2016 دوایین پشكنینەكانی بۆ بەنزینی چوار بەنزینخانە ئەنجام داوە كە لە پشكنینەكاندا دەرچوون، لە هەمان رێكەوتدا لیستی ناوی نۆ بەنزینخانەی بڵاو كردووەتەوە كە بەبێ‌ پشكنینی تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەنزین دەفرۆشن و ئامادە نەبوون پشكنین بۆ بەنزینەكەیان بكەن.

ئەو بەنزینخانانە پێك دێن لە بەنزیخانەی (دارەتوو، سۆلاڤ، كۆڤان، ئۆیل لاند، بێداو، رەخساو، گردەڕەش، بەهمەت و B&M). ئەوە لەكاتێكدا كە لە 10ی تشرینی یەكەم، نۆ بەنزیخانەی تر پابەند نەبوون بە ئەنجامدانی پشكنین بۆ بەنزینەكەیان كە پێك دێن لە بەنزینخانەی تەیراوە، شارۆكەی دارەتوو، تەرجان، فیراری، باخەوان، بیار، ناڵەشكێن، قەڵای نوێ‌ و سەری بڵند.

لە 9ی تشرینی یەكەمیشدا، نۆ بەنزینخانەی تر كە پێك دێن لە بەنزینخانەی كۆردئۆیل، قەڵا، سەلام، سۆلاڤ، ئاشتی، برادەران، گۆڤەند، شێخانی و هەڵۆ، پابەند نەبوون بە ئەنجامدانی پشكنین بۆ بەنزینەكەیان و بەبێ‌ پشكنین بەنزینیان فرۆشتووە.

بەگوێرەی نووسراوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە 3-5ی تشرینی یەكەمیشدا، تیمەكانی تاقیگەی ناوەندی وەزارەتەكە ناوی 30 بەنزینخانەی شاری هەولێریان تۆمار كردووە كە پابەندی رێنوێنییەكانی وەزارەتەكە نەبوون و بەبێ‌ پشكنین بەنزینیان فرۆشتووە.

لە نووسراوەكاندا روون كراوەتەوە كە بەنزینخانە هەیە هیچ پشكنینێكی بۆ بەنزینەكەی ئەنجام نەداوە و بەنزینخانەش هەیە بەدرێژایی زیاتر لە پێنج مانگ بەبێ‌ ئەنجامدانی هیچ پشكنینێك، بەنزینی فرۆشتووە.

وشە/هەولێر-رێبین فەتاح
















وشە - ڕێبین فه‌تاح