هۆكار و چارەسەری راستەقینەی تەنگژەی ئابووری عێراق چییە؟

:: PM:05:15:30/12/2016 ‌

شارەزایەكی ئابووری عێراقی دووپاتی دەكاتەوە كە تەنگژەی ئابووری لە عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا نەبووە، بەڵكو بەهۆی زۆری ئەو خەرجییانەوە بووە كە كۆمپانیا نەوتییەكان لە چوارچێوەی گەڕەكانی مۆڵەتدان بەسەر وەزارەتی نەوتیان سەپاندووە.

عامر عەبدولجەبار ئیسماعیل سەرۆكی نووسینگەی عێراق بۆ راوێژكاری لەو بارەوە رای گەیاند كە بەڵگە لەسەر قسەكانی ئەوەیە كە بەر لە گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە عێراق رۆژانە بڕی ملیۆنێك و 900 هەزار بەرمیل نەوتی بە نرخی 100 دۆلار هەناردە دەكرد و داهاتەكەشی 190 ملیۆن دۆلار بووە كە ساڵانە دەیكردە 69.35 ملیار دۆلار.

روونی كردەوە كە ئەمڕۆ راستە نرخی نەوت بۆ نیوەی ئەو نرخە دابەزیوە، بەڵام لە بەرامبەردا قەبارەی نەوتی هەناردەكراو زیادی كردووە بۆ دوو هێند و ئاستی هەناردنی رۆژانە گەیشتووەتە 3 ملیون و 750 هەزار بەرمیل و نرخەكەشی 51 دۆلارە بۆ هەر بەمیلێك، واتە داهاتی نەوت دەبێتە 191.25 ملیۆن دۆلاری رۆژانە (69.8 ملیار دۆلاری ساڵانە) ئەوەش مانای ئەوەیە كە داهاتی نەوتی عێراق بەبەراورد بە پێشتر زیادی كردووە، واتە بەر لە گەڕەكانی مۆڵەتدان. 

ئیسماعیل زیاتر گوتی، هەرچی هۆكاری راستەقینەی كورتهێنانە لە بودجە زۆری تێژووی بەرهەمهێنانە كە حكوومەتی پێویستە بیداتە كۆمپانیاكان لە چوارچێوەی گەڕەكانی مۆڵەتدان، لەپاڵ هۆكاری تری پێوەست بە سیاسیەتی كاركردنی بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ بانكە تایبەتەكانەوە.

ئەو شارەزایە رای گەیاند كە هەوڵە چارەسەرییەكانی حكوومەت بۆ كورتهێنانی بودجە بەشێوەیەكی نەرێنی كاری كردە سەر هاووڵاتییان لە رێگەی بڕینی مووچە و زیادكردنی باج و كرێی ئاو كارەبا و چالارەسەری و نرخی دەرمان و رسوومات و سزای پێشێلكاری و هیتریش، كە بۆ راوێژكارانی حكوومەت ئاسانتر بوو بەهۆی توانا سنووردارەكانیانە بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە كە دەبوایە تەنگژەكەیان لە سۆنگەی چارەسەركردنی بەهەدەردانی ئابووری لە كەرتەكانی نەوت و پێوەندییەكان و گەشتیاری و گواستنەوە و كۆمپانیاكانەوە چارەسەر بكردایە.

ئیسماعیل روونی كردەوە كە دەبوایە بەو شێوە و بەبێ پەنابردن بۆ بارگرانكردنی هاووڵاتییان، كە هەروەها دەمانتوانی نرخی نەوت 30 سنت گرانتر بكەین لە دەرەوەی سەبەتەی ئۆپێك و تا ئێستەش بژارەكانمان بەدەستە بۆ پاڵپشتیكردنی سەرچاوەی زیاتری داهات لە عێراق بەتایبەتی لەبارەی وەبەرهێنان لە كەرتە جیاجیاكان.

ئەو راوێژكارە كە هەروەها وەزیرێكی پێشووی گواستنەوەی عێراق بووە ئاماژە دەكات كە ئەو چارەسەرییە پێشنیازكراوانەی سەرەوە بۆ بووژانەوەی ئابووری عێراقییە نەوەك تەنیا قسەیەك بۆ راگەیاندنەكان كە دەتوانرێت ئەو چاكسازی و چارەسەریانە لە نێوان 24 مانگ بۆ پێنج ساڵ جێبەجێ بكرێن، لەپاڵ پەرەدان بە كەرتی تایبەت كە دەتوانرێت لەو رێگەوە 100 هەزار هەلی كار بەبێ پێویستی بە دامەزراندن لە كەرتی حكوومەتی دابین بكرێت.  

ماوەی چەند ساڵێكە عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و زۆری خەرجییەكانی جەنگی داعش و بوونی گەندەڵی گەورەی دارایی و كارگێڕی و هۆكاری تریش تووشی تەنگژەیەكی گەورەی دارایی و ئابووری هاتووەتەوە كە بووەتە هۆی كوترهێنانێكی گەورە لە بودجەی ساڵانەی و پێویستی بەچەند ساڵێكە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل