نەوت بەزرترین نرخی لە چوار مانگی رابردوو تۆمار کرد

:: PM:12:04:14/03/2019 ‌

 

نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ پێنجشەم گەیشتە بەرزترین نرخ کە لە چوار مانگی رابردوو تۆمار کرابێت. هەر ئێستە نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت بە 68 دۆلار و 10 سەنت دەفرۆشرێت.

 

بەگوێرەی DAILYFX دوایین جار کە نەوت بەم نرخە فرۆشرابێت بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو دەگەرێتەوە. هاوکات نرخی نەوتی ئەمەریکیش بە 58 دۆلار و 62 سەنت دەفرۆشرێت و لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە نزیکەی سێ دۆلار لە نرخەکەی بەرز بووەتەوە.

 

گرنگترین هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دوایین لێدوانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەگەیڕێتەوە کە سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر دابەزاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفر دەربڕی.

 

ئەم لێدوانە جۆرێک نیگەرانی لای بازاڕی نەوت دروست کرد و هەر جۆرە مەترسییەک لە هەناردەی نەوت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.

 

لە لایەکی ترەوە سیاسەتەكانی ئۆپێك و هەوڵی وڵاتانی ئەندامی ئەو رێکخراوە و رووسیا  بۆ دابەزاندنی هەناردەی نەوت یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە. سعوودیە رای گەیاندووە هەناردەی نەوتەكەی بۆ خوارووی 10 ملیۆن بەرمیل دادەبەزێنێت.

 

لە لایەكی تر ئەمەریكاش بەرهەمهێنانی نەوتی بەرز كردووەتەوە و خوازیارە بیگەیەنێتە سەرووی12 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەو ئامانجەی رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكات.

 

دوێنێ چوارشەم بانكی نیشتیمانیی ئۆستراڵیش پێشبینی ئەوەی كرد ئەمساڵ نرخی نەوت بۆ سەرووئ 70 دۆلار بەرز ببێتەوە..

 

هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ تەنگژەی سیاسی و ئابووری ڤەنزوێلا دەگەڕێتەوە و لە ماوەی رابردوودا ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئەم ولاتەدا سەپاندووە و هەناردەی نەوتی وڵاتەکە کەمی کردووە.

 



وشە - سلێمان تاشان