پڕۆژەیەك لەبارەى مووچە پاشەكەوتكراوەكان دەدرێتە حكوومەت

:: PM:06:28:24/03/2019 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ دەبێتەوە و پڕۆژەیەك لە بارەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەداتە حكوومەت، ئەندامێكی ئەنجوومەنەكەیش دەڵێ، كۆدەنگی ئەنجوومەنەكانی سلێمانی و دهۆكی لەسەرە.

سبەی دووشەم 25ی ئادار/ مارس، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێ دەدات، بەگوێرەی كارنامەی دانیشتنەكە بێت، پڕۆژەی چەكی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بۆ پێدانەوەی قەرزی كەڵەكە بووی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت لەلایەن فەرمانبەران لە "پێشبینەی هاوسەرگیری، پێشینەی خانووبەرە، قەرزی كارەبا و ئاو، باج، هاتوچۆ و سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی تری حكوومەت".

غازی عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە بارەی دانیشتنەكەی سبەی ئەنجوومەن دەڵێ، پێشتر ئەو پڕۆژەیە بە كۆ دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران لەو كاتدا بەهۆی تەنگژەی دارایی رەتی كردەوە، لە ئێستەیشدا وەك ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە دەبینین دۆخی دارایی باشتر بووە، دووبارە پڕۆژەكە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەوان دەكەین.

پڕۆژەكە لە 15 مادە پێكهاتووە و تێیدا بە وردی رێكارە دارایی و یاساییەكانی كردنەوەی هەژماری بانكی یان چەكی بانكی بۆ فەرمانبەران خراوەتەڕوو كە چۆن پاشەكەوتی مووچە بخرێتە ناو هەژمارەكانیان، پاشانیش قەرزەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە سەرەوە ئاماژەی پێكراوە، لێی دەبڕدرێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر روونی كردەوە كە پڕۆژەكە پێشتر پشتگیری هەردوو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و دهۆكی لەسەر هەبوو، ئێستەش هەردوو ئەنجوومەنەكە پشتگیری لە پڕۆژەكە دەكەن، ئەو گوتی "چاوەڕوان دەكەین بە كۆی دەنگ دیسان پڕۆژەكە پەسند بكرێت و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بكەین".

جێی بیرخستنەوەیە لە 12ی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی لەسەر مووچەی فەرمانبەران راگەیاند. بەگوێرەی هەندێ زانیاری پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لای حكوومەت، زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەبێت.



وشە - فه‌رمان سادق