بانكی رافیدەین 100 ملیۆن دینار دەداتە هاووڵاتییان

:: AM:11:56:25/03/2019 ‌
بەنكی رافیدەین ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان تا 100 ملیۆن دینار بۆ كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و شارەكانی تر، هاوكات ئەمینداریەتی گشتی بەغداش داوا دەكات قەرزەكە ئەو زەوییانە نەگرێتەوە كە رووبەرەكەی لە 200 مەتر كەمترە.

ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئادار/ مارس، تالیب ئەسەدی بەڕێوەبەری بانكی رافیدەین رای گەیاند، بانكەكەیان بۆ ساڵی 2019 ئامانجی ئەوەیە پشتگیری لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون بكات بە پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان، ئاشكرای كرد كە 13 پڕۆژەیان لە شارەكانی نەجەف، واست، دیالە، سەڵاحەدین، كەربەلا و بابل هەیە، جگە لە بەغدای پایتەخت، گوتی "قەرزەكە هەموو ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە كە دەیانەوێت سوودمەند بن".

لە بارەی چۆنیەتی دانەوەی قەرزەكەش، بەڕێوەبەری بانكی رافیدەین روونی كردەوە ئەو فەرمانبەرەی قەرزەكە وەردەگرێت لە ماوەی 15 ساڵدا، یان 100 مووچە، ئەوەشی خستەڕوو كە هاووڵاتییانی سڤیلیش دەتوانن لەو قەرزە سوودمەند بن بەڵام هی ئەوان 40 ملیۆن دینار دەبێت.
 
"ستراتیجیی بانكی رافیدەین بۆ ساڵی 2019 لە دوو بەش پێكدێت، بەشی یەكەم پشتگیری لە قەرزی خانووبەرە بۆ فەرمانبەران، بەشی دووەمیش گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی بانكە لەلایەن هاووڵاتییانەوە و تا ئێستەش 800 ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە بۆ بانك.

جێی باسە بانكی رافیدەین، بانكێكی حكوومییە لە تەواوی عێراق 170 لقی هەیە، ئەو قەرزەشی دەیدات بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، تەنانەت بەشی زۆری خزمەتگوزارییەكانی لە پێدانی قەرزی جۆراوجۆر، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە ئەگەرچی لقی لە شارەكانی كوردستان هەیە.



وشە - فه‌رمان سادق