شاره‌وانی سلێمانی به‌رده‌وامه له فرۆشتی زه‌ویه نایابه‌كانی و بۆ ئه‌مساڵیش كۆمه‌ڵێک زه‌وی دیاری كردووه و لە زیادکردنی ئاشکرا و بەرپرسانی شارەوانیش دەڵێن پارەکەی بۆ پرۆژه‌و خزمه‌تگوزارییەکان خەرج دەکرێت.
له ماوه‌ی ساڵانی تەنگژەی دارایی، شاره‌وانی سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی داهاتێكی هه‌بێت، ده‌ستی برد بۆ فرۆشتنی زه‌ویه نایابه‌كان و به پاره‌ی زه‌ویه‌كان چه‌ند خزمه‌تگوزاری و پرۆژه‌یه‌كی بچوكی جێبەجی کرد و سەرباری باشبوونی دۆخی دارایی له ئێستاشدا ده‌یه‌وێت بڕێك پاره به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی پێ جێبەجێ بکات.
ئاكۆ عه‌لی، جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی به وشه‌ی راگه‌یاند، شاره‌وانی سلێمانی هه‌ندێ زه‌وی نایابی هه‌یه کە ئه‌و زه‌ویانه روكنن، له كاتی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر هاووڵاتییان ئه‌و زه‌ویه نایابانه دابه‌ش نه‌كراون، چونكه ناكرێت له زه‌وی دابه‌شكردن كه‌سێك كه وه‌ك یه‌ك مافی وه‌رگرتنی زه‌ویان هه‌یه، به‌ڵام یه‌كێكیان زه‌وی ئاسایی و ئه‌وی تریان زه‌وی روكنی پێ بدرێت كه له نرخدا جیاوازن.
زیاتر روونی دەکاتەوە، شاره‌وانی سلێمانی ئه‌و زه‌ویانه‌ی دابه‌ش نه‌كردووه و بۆ خۆی هه‌ڵیگرتووه، له ئێستادا ده‌یه‌وێ ئه‌و زه‌ویانه بفرۆشێت كه به زه‌وی نایاب ناسراون و ده‌یانخاته زیادکردنی ئاشکراوە.
ساڵی رابردوو شاره‌وانی سلێمانی به به‌های زیاتر له حەوت ملیار دینار زه‌وی نایابی فرۆشتوه و داهاتی زه‌ویه‌كان له‌گه‌ڵ داهاتی موڵكه‌كانی شاره‌وانی كه ده‌یداته كرێ، لە پرۆژه‌ی بچوك و خزمه‌تگوزاری خەرج کردووە.
جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی دوپاتی دەکاتەوە، بۆ ئه‌م سێ مانگه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ 12 پارچه زه‌ویه خراونه‌ته زیادکردنی ئاشکرا و به پاره‌كه‌یان چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك جێبەجێ دەکرێت، یه‌ك له‌وانه پرۆژه‌ی شه‌قامی قڕگه له شه‌قامی 60 مه‌تری بۆ لای نه‌خۆشخانه‌ی شار.
"نرخی زه‌ویه‌كان له لایه‌ن لیژنه‌یه‌ك دیاری ده‌كرێ كه له نۆ كه‌س پێكهاتون له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك شاره‌وانی و تاپۆی یه‌ك و دوو له‌گه‌ڵ ژمێریاری و وه‌زاره‌تی دارایی" جێگری سەرۆکی شارەوانی سلیمانی وای گوت.
پێشتر شاره‌وانی سلێمانی هه‌ندێ زه‌وی نایابی فرۆشتووه نرخی هه‌ندێک لە زه‌ویه‌كان كه كراونه‌ته به‌نزینخانه و شوێنی بازرگانی، گه‌یشتۆته زیاتر لە یه‌ك ملیۆن دۆلار، هه‌روه‌ها تیایاندا زەوی هەبووە نرخه‌كه‌ی 500 هه‌زار دۆلار بووه.
وەک ئاکۆ عەلی ئاماژەی پێ دەدات، ئه‌و زه‌ویانه‌ی ئێستا خراونه‌ته زیادکردنی ئاشکراوە رووبه‌ره‌كه‌یان له 200 مه‌تر بۆ 250مه‌تره و نرخه‌كانیشیان زۆر نییه، ئه‌و زه‌ویانه‌ی نرخیان ده‌گاته ملیۆنێك دۆلار شوێنی فراوان و تایبه‌ت بۆ به‌نزینخانه‌ن و له نێوان كڕیاراندا ركابه‌ری دروست ده‌بێت له‌سه‌ری.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی