ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داوای گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەران دەکات

:: PM:01:28:26/03/2019 ‌
عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، لە پڕۆژە یاسای چاكسازی ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر جارێكی تر دووپات لە جێبەجێكردنی و کردنەوەی هەژمارێكی بانكی بۆ فەرمانبەران كرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دۆخی دارایی ئێستە باشە و حكوومەت پاشەكەوتی مووچەی نەهێشتووە، لە پڕۆژە یاسای چاكسازی پەرلەمان بەدوو خاڵ جێگای پڕۆژەكەی ئێمە كراوەتەوە بۆ ئەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران دروست بكرێت و بڕی قەرزەكە بخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانكییەی فەرمانبەران.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، بەدڵنیاییەوە لەخولی پێنجەمی پەرلەمان پڕۆژەكە پەسەند دەكرێت، هەروەها ئەوەی ئێمە كۆبوونەوەمان لەسەری كردووە ئەو قەرزانەیە كە وەزارەتی دارایی بەنیازە لە هاووڵاتیان وەری بگرێـتەوە وەك قەرزی خانووبەرە و كشتوكاڵ و هاوسەرگیری و قەرزی بچوك و قەرزەكانی هاتوچۆ و شارەوانی و باج و دەرامەتەكان و كۆمەڵێك شتی تر.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجوومەن داوایانكرد ئەو قەرزانەی هاووڵاتییان و حكوومەت بەیەكەوە لێدەركردنی بۆ بكرێت، واتا بەشێوەیەك كە لە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەر بتوانێت بڕی قەرزی خۆی بداتەوە و لەبەرانبەردا هەردوولا قازانج دەكەن.

باسی لەوەشكرد، لەو پڕۆژە یاسایە هاووڵاتی قەرزی خۆی دەداتەوە بە حكوومەت و حكوومەتیش بەشێكی قەرزەكانیی خۆی دەداتەوە بە هاووڵاتیان، بەمەش ئەركی سەرشانی حكوومەت سوكتر دەبێت بۆ هاووڵاتییانیش بە هەمان شێوە، هەروەها داواكارییەک ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكەین بۆ دانەوەی قەرزەكان بە لێدەركردن.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو كە تێیدا جارێكی تر گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی مووچە كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد