ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەکی نوێ لە بازاڕی بۆرسە
کرایەوە و نرخی نەوتیش هەر لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکە رووی لە دابەزین کردووە و تا
ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە دابەزین بەردەوام بووە.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بە 71دۆلار و 70 سەنت داخرابوو، بەڵام ئێستە بە 70دۆلار و 96 سەنت دەفرۆشرێت و ئەمەش دەری دەخات نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 74سەنت دابەزیوە.
بەگوێرەی dailyfxنرخی نەوتی جۆری تەکساسی ئەمەریکیش کە بە هێمای WTIناسراوە لە 63 دۆلار و 75 سەنتەوە بۆ 63 دۆلار و 31 سەنت دابەزیوە.
هەر چەندە نرخی نەوت لە ژێر کاریگەری پێشبینی
دابەزینی گەشەی ئابووری جیهان کەمێک دابەزیوە بەڵام ئەگەری زۆرە دابەزینەکە کاتیی
بێت و دووبارە رووی لە هەڵکشان بکاتەوە.
رۆژی هەینی نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی لە
ماوەی پێنج مانگی رابردوو هەڵکشابوو. لیبیا هۆشداری داوە بەردەوامیی جەنگ و نائارامییەکان لەو وڵاتە لەوانەیە بە تەواوی
هەناردەی نەوت بوەستێنێت.
جگەلەمە سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران و
ڤەنزوێلاش کە بەشێک لە نەوتی وڵاتانیان دابین دەکرد بەردەوامە و بووەتە هۆی
کەمبوونەوەی خستنەرووی نەوت لە بازارەکان و هەر ئەوەش هۆکار بووە لەوەی لە ماوەی
رابردوودا نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.
ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە مانگی حوزەیرانی
ئەمساڵ کۆ دەبنەوە و لەبارەی دوایین هەنگاوەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بڕیار
دەدەن. ئەوان لە کۆتایی ساڵی رابردوو بڕیاریان دا بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ملیۆنێک
و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکەنەوە و بڕیارەکەش لە سەرەتای
ئەمساڵەوە جێبەجێ کراوە.