پەرلەمانتارێك: رێككەوتنەكان لەگەڵ سعوودیە و ئیران و ئوردن زیانێكی زۆری ئابووری لە عێراق داوە

:: PM:02:31:15/04/2019 ‌
لەگەڵ گەشتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعوودیە، لیژنەی دەستپاكی ئەنجوومەنی نوێنەران رەخنەی توند لە رێككەوتنەكانی حكوومەت لەگەڵ ئێران و ئوردن و سعوودیە دەگرێت. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، حكوومەت بۆ خاتری چاوی دراوسێكانی سێكتەری پیشەسازی و كشتووكاڵی ئیفلیج كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی نیسان/ ئەپرێل، عالیە نسەیف پەرلەمانتاری لیژنەی دەستپاكی رای گەیاند، لە بەرژەوەندی عێراق نییە رێككەوتن لەگەڵ ئێران و سعوودیە و ئێران واژوو بكات و هەردوو سێكتەری پیشەسازی و كشتووكاڵ ئیفلیج بكات بۆ خاتری چاوی دراوسێكانی.

نسەیف دەڵێ، پێویستە حكوومەت بە ئامانجی زامن كردنی بەرژەوەندی گشتی عێراقییەكان هەنگاو هەڵگرێت و هاوسەنگیش لەنێوان سعوودیە و ئێران رابگرێت، بەڵام بڕیاردەری عێراقی دەبێت پێش هەموو شتێك بەرژەوەندی عێراقییەكان لەبەرچاو بگرێت.

زیاتر گوتی "زۆرینەی ئەو رێككەوتنانەی ئەنجام دەدرێن لەنێوان حكوومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ نا یاسایی و لە دەرەوەی دەستوورە بەوەی ناخرێتە بەردەم پەرلەمان، تەنانەت زیان بە بەرژەوەندی عێراق دەگەیەنێت بەوەی بازاڕ پڕ دەكات لە كاڵای ئەو وڵاتانە، ئەمەش هەردوو سێكتەری پیشەسازی و كشتووكاڵ كە دوو سێكتەری زۆر گرنگن، ئیفلیج دەكات، ئەمەش زۆر مەترسیدارە".

ئەو قسانەی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بە یاوەری شاندێكی باڵا سەردانی عەرەبستانی سعوودیەی كرد پاش ئەوەی چەند رۆژێك پێش ئێستە بە چەندان رێككەوتنامە لە ئێران گەڕایەوە و پێشتریش لەگەڵ ئوردنییەكان چەندین رێككەوتنی بازرگانی و ئابووری واژوو كرد بوو.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دەستپاكی رەخنەی ئەوە لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەدی دەگرێت كە بۆ خاتری چاوی وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی پەیوەندییەكان هەردوو سێكتەری كشتووكاڵ و پیشەسازی ئیفلیج كردووە، بۆیە دەبێت بڕیاردەری عێراقی پێش هەموو شتێك بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرێت ئەگەرنا هیچ كام لەو رێككەوتنامانە لە پەرلەمان دەنگیان بۆ نادرێت.


وشە - فه‌رمان سادق