بەهۆی مامەڵەی نەشیاوی پاسداران مەرزی پەروێزخان داخرا

:: PM:03:31:15/04/2019 ‌

بەهۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی پاسدارانی ئێرانەوە، مامەڵەی بازرگانی لەمەرزی پەروێزخان لە نێوان كوردستان و ئێران راگیرا.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی نیسان مامەڵەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان راگیرا، هۆكارەكەشی بۆخراپی مامەڵەی پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەگەرێتەوە لەگەڵ شۆفێرانی بارهەڵگری كورد.

محەمەد حەسەن، یەكێک لەو شۆفێرانەی نەوت لە رێگەی پەروێزخانەوە دەگوازێتەوە ئێران، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، كەمی كارمەند لەدیوی ئێرانەوە وای كردوە ئەوانەی پشكنین دەكەن بە پاسدارەكانیشەوە مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ ئێمە بكەن .

ئارام حەسەن سایەخان، بەرپرسی راگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی پەرێزخان بە "وشە"ی راگەیاند، شۆفێرانی هەرێمی كوردستان نیگەران و نارازین لە مامەڵەی بەرپرسانی مەرزەکە لەدیوی ئێران، چونكە لە پشكنیندا زۆریان دوا دەخەن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە دەچینە ئێران بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بارەكانیان ئەگەر ئەمڕۆش نەبەن سبەی بیبەن .

دووپاتی دەکاتەوە، بابەتی مامەڵەی نەشیاوی كرێكار و پاسدار لەدیوی ئێرانەوە یەكێكە لە گرفتەکانی شۆفێران، بەڵام پاسداران ئەركیان پشكنینە و دواكەوتنیان بۆ كەمی كارمەند دەگەرێتەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان