بانكێك پێنج ساڵە قەواڵەی ساختە دەفرۆشێتە بانكی ناوەندی

:: PM:03:01:20/04/2019 ‌
بانكێكی ئەهلی پێنج ساڵە بە قەواڵەی ساختە بەشداری لە زیادكردنی ئاشكرای بانكی ناوەندی دەكات. بەگوێرەی زانیارییەكان تا ئێستە نزیكەی دوو ملیار دۆلاری بە قەواڵەی ساختە رەوانەی دەرەوەی عێراق كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، ساختەكاری و سپیکردنەوەی پارە لە بانكێكی ئەهلی ئاشكرا بوو، دوای ئەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە قەواڵەی دارایی ساختە بەشداری لە زیادكردنی ئاشكرای فرۆشتنی دۆلار كردووە كە بانكی ناوەندی رۆژانە رێكی دەخات.

ماڵپەڕی "بەغداد یەوم" دۆسیەی ئەو بانكەی بڵاو كردەوە كە بە بانكی "ش. ا" ناسراوە و سەر بە گروپی "ع .غ"یە، ماوەی پێنج ساڵە بە قەواڵەی ساختە بەشداری لە زیادكردنی ئاشكرای فرۆشتنی دۆلار كردووە و بەگوێرەی زانیارییەكانیش لە ماوەی ساڵانی 2011 تا 2015 بڕی ملیارێك و 800 ملیۆن دۆلاری بە قەواڵەی ساختە لە بانكی ناوەندی كڕیوە و تەواوی پارەكەشی رەوانەی دەرەوەی عێراق كردووە.
بەپێی بەڵگەنامەكان كە ماڵپەڕەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئەو بانكە عێراقییە بە دەستكاریكردنی ناوی ئەو كەسانەی لەسەر قەواڵە داراییەكە هەیە توانیویەتی ساختەكاری و فێڵ لە بانكی ناوەندی بكات و تەواوی ئەو دۆلارانەی لە بانكی ناوەندیش وەری گرتووە لە رێگەی بانكێكی نێوەندگیر رەوانەی وڵاتێكی عەرەبی كردووە.
بەڵگەنامەكان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی نێوان 2011 تا 2016، ئەوەش دووپات كراوەتەوە كە بانكەكە بە هەمان قەواڵەی ساختە بەشداری لە خستنەڕووەكانی بانكی ناوەندی كردووە بۆ فرۆشتنی دۆلار.

سپیکردنەوەی پارە لەلایەن ئەو بانكە دوای بڕیارێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاشكرا بوو كە لە 18ی ئەیلوولی 2017 دەری كردووە، كاتێك بڕیاری لێكۆڵینەوەی لە سپیکردنەوەی پارە دا لە هەموو پارێزگاكانی عێراق
  
عەبدولستار بەیرەقدار گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رای گەیاند، ئەنجوومەنەكە گەیشتە ئەو باوەڕەی كە لە بەرژەوەندی گشتییە لێكۆڵینەوە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكان دەست پێ بكات و بەشی سپیکردنەوەی پارە لە دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند لە دادگای رەسافە تایبەت بە پرسەكانی دەستپاكیش وردبینی و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكان بكات.

 
جێی باسە بانكی ناوەندی رۆژانە لەنێوان 160 بۆ 200 ملیۆن دینار بە بازرگاكان و كاسبكاران دەفرۆشێت، هاوكات تێكڕای فرۆشتنی دۆلاریش دەگاتە 25 بۆ 30 ملیۆن دۆلار.
 



وشە - فه‌رمان سادق