پەرلەمانتارێك: له‌ پێشینەی كارەكانی حكوومەتی نوێ‌ زیادكردنی مووچەی پێشمەرگە دەبێت

:: PM:08:42:22/04/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، لەپێشینەی كارەكانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان زیادكردنی مووچە و ئیمتیازی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ی نیسان، رێڤینگ هرووری ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، لە پێشینەی كارەكانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان زیادكردنی مووچە و ئیمتیازی هێزەكانی پێشمەرگە دەبێت، بەڵام تا ئێستە هیچ بڕیارێك بۆ زیادكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە نییە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەگەر دۆخی دارایی كوردستان جێگیر بێت و بڕیاری زیادكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ دۆخی دارایی گونجاو بێت ئەوە پەرلەمانی كوردستان داوا لە حكوومەت دەكات زیادی بكات، چونكە بەبێ‌ گفتوگۆكردن لەنێوان پەرلەمان و حكوومەت ناتوانرێ‌ مووچە زیاد بكرێ‌. هرووری بە پێویستی زانی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە زیاد بكرێ‌، چونكە ئەوان لە ڕۆژە سەختەكاندا كوردستانیان پاراستووە.

ئەو لێدوانەی پەرلەمانتارەكەی كوردستان لە كاتێكدایە كە ئێستە بەغدا پارەی مووچەی پێشمەرگە ڕەوانە دەكات و بڕیاریشە لە داهاتوو چەند مووچەیەك پێكەوە بۆ كوردستان بنێرێ‌ وەك ئەوەی لە بودجەی عێراق دیار كراوە.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم